کوڕەکەی ئیتۆ ناچێتە هەڵبژاردەی ئیسپانیا

رووداو دیجیتال 

کوڕی سامویڵ ئیتۆی هێڕشبەری پێشووی هەڵبژاردی کامیرۆن و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بێ دوودڵی بڕیاریدا چاو لە باوکی بکات و یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکات، لە کاتێکدا دەرفەتی ئەوەی هەبوو یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکات.

ئیتیان ئیتۆ بینیدا، کوڕی ساموێل ئیتۆیە، تەمەنی 17 ساڵانە، یاری بۆ یانەی مایۆرکا دەکات، کە باوکیشی لەو یانەیەوە دەستی بە کاروانی پیشەگەریی خۆی کردووە.

 

ئیتیان بەبێ دوودڵی داواکاریی یەکێتیی تۆپی پێی کامیرۆنی قبوڵکرد بۆ چوونە ریزەکانی هەڵبژاردەی تەمەن خوار 17 ساڵانی کامیرۆن، کە بەشداری لە خولێکی دۆستانەدا دەکات و 3 یاری دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەکانی تەمەن خوار 17 ساڵانی ئەرجەنتین، ئیسپانیا و تاجیکستان دەکات.

هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن رایانگەیاند کە ئیتیان ئیتۆ پەلە و هەڵەی کردووە و نەدەبووایە بە داواکاریی یەکێتیی تۆپی پێی کامیرۆنی رازی بێت، بەو پێیەی خاوەنی وڵاتینامەی ئیسپانییە و بەهۆی ئەوەی یاریزانێکی بەتوانایە، بێگومان دەرفەتی چوونە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیای دێتەپێش، بەڵام وادیارە کوڕەکەی ئیتۆ رازی نییە درێسی وڵاتە راستەقینەکەی بە هیچ درێسێکی دیکە بگۆڕێتەوە.

میدیای کامیرۆن پەسنی ئیتیانیان دا و رایانگەیاند "کوڕیش وەک باوکی وەفای بۆ وڵاتەکەی هەیە"، کە ساموێل ئیتۆ بە یەکێک لە ئەفسانەکانی کامیرۆن دادەنرێت و لەم رۆژانەدا پەیکەرێکی گەورەی ئیتۆ لە شاری یاوەندی کامیرۆنی دانراوە، وەک رێزێک بۆ ئەو خزمەتە زۆرەی پێشکێشی تۆپی پێی وڵاتەکەی کردووە.