ڤیدیۆ؛ کورتکراوەی سەرکەوتنی میلان بۆ قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیا


رووداو - هەولێر

یانەی ئەیسی میلان خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیا، دوای ئەوەی لەیاریی دێربی دێلا مادۆنینادا سەرکەوتنی بەسەر یانەی ئینتەرمیلانی هاوشاری بەدەستهێنا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر.

هەردوو یانە لەسەر یاریگەی سانسیرۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە، کاتی ئاسایی یارییەکە بەدرێژایی 94 خولەک زیاتر یاریزانانی هیچ یەکێک لە یانەکان گۆڵیان تۆمارنەکرد و کاتی ئاسایی بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و بۆ یەکلاییکردنەوەی یارییەکە ناوبژیوان پەنای بردە بەر کاتی زیادکراو.

لە کاتی زیادکراودا لە خولەکی 104 پاتریک کۆترۆنی گۆڵێکی بۆ رۆسۆنێری تۆمارکرد و ئەو گۆڵە بووە هۆکاری سەرکەوتنی میلان بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە و نیرازۆریشی کردە دەرەوە، لە قۆناخی داهاتووشدا میلان بەرامبەر لازیۆ یارییدەکات و یارییەکان بەشێوەی چوون و هاتن دەکرێن.



میدیای ئیتاڵی بە گرنگییەوە باسی ئەم سەرکەوتنەی میلانی کردووە و رۆژنامەی لاریبوبلیکا نووسیوویەتی، شەوێک خۆش بۆ یاریزانە یەدەگەکان، بۆ کۆترۆنی و دۆناروومای دیکە، هەروەها ئەوەشی نووسیووە گاتوزۆ بە هێرشبەرێکی گەنج و گۆڵپارێزی سێیەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا.



رۆژنامەی لاستامبا لێدوانێکی کۆترۆنیی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت، گۆڵ تۆمارکردن لە سانسیرۆ لە یاریی دێربیدا خەونی من بووە، من میلانم خۆشدەوێت و ئەم بردنەوەیە ورەمان زیاتر بەرزدەکاتەوە.



لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەی ئێل میساگێرۆ نووسیوویەتی، یەکەم دەرکەوتنی ئەنتۆنیۆ دۆناروومای برای جیجیۆ یەکلاییکەرەوەبوو.