سڵۆت: دڵخۆشم بەبردنەوە لە تیپێکی گەورەی وەکو ریال مەدرید

 
رووداو دیجیتاڵ

ئارنێ سڵۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، دڵخۆشە بەبردنەوەیان لە یانەی ریال مەدرید و دەڵێت "سەرکەوتنەکە مانادارتر دەبێت ئەگەر بگەینە قۆناخی پێشکەوتووتر."
 
لیڤەرپوول لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی چامپیۆنزلیگدا، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە ریال مەدریدی بردەوە و پێنجەم سەرکەوتنی لەسەریەکی لە رکابەرییەکەدا بەدەستهێنا و لە پلەی یەکەمی ریزبەندە.
 
دوای یارییەکە ئارنێ سڵۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "زۆر سەرسام بووم بەوەی بینیم، بەدڵنیاییەوە بۆ هەموو شتێک نا، پێموایە لە نیوەی یەکەمدا ئێمە حوکممان کرد و چەند هەلێکمان دروستکرد، بەڵام لە راستیدا هەندێک کات بیرکردنەوەمان لە هەندێک شتدا لەدەستدا و لە کاتی ئاساندا تۆپمان لەدەستدەدا و پەلەمان دەکرد، بە یاریزانەکانم گوت سەبریان زیاتر بێت و چاوەڕێی بۆشایی بکەن پێش ئەوەی تۆپەکە بە خێرایی تێپەڕێنن، بەڵێ ئەوە یارمەتیدەر بوو بۆ ئێمە لە دوای 7 خولەکی یەکەمی دوای پشووەکە، پێموایە ئێمە باڵادەستی رەهامان هەبوو، تۆپەکە لە هێڵی نیوەی یاریگەی ئێمە تێنەپەڕی، دوای ئەوە گۆڵێکی وامان تۆمارکرد وەکو ئەوەی بفڕین، ئەگەر بتوانم بەو شێوەیە بیخەمەڕوو."
 
راهێنەری یانە ئینگلیزییەکە دڵخۆشی خۆی بەرامبەر بردنەوەی یارییەکە پێشاندا و بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەمیشە هەستێکی خۆشە کاتێک یارییەک دەبەیتەوە، بەتایبەت بەرامبەر تیپێکی گەورەی لەم جۆرە، چونکە دەزانیت کاتێک رووبەڕووی یاریزانی کوالێتی بەرز دەبیتەوە مانایەکی زیاتری هەیە، و مانادارترە کاتێک سەرکەوتوو دەبیت لە گەیشتن بە قۆناخە پێشکەوتووەکان، چونکە زەحمەتە لەم شێوازە جیاوازەی پاڵەوانێتییەکەدا حوکم لەسەر ئەم سەرکەوتنانە بدەین، بۆیە سەرکەوتنەکە مانادارتر دەبێت ئەگەر بگەینە قۆناخی 16 و چارەگی کۆتایی یان هەر شتێکی دیکە، جارێکی دیکە رووبەڕوویان بووینەوە و توانیمان ببەینەوە، بەدڵنیاییەوە زۆر دڵخۆشین بەبردنەوە."