ئەرجەنتین ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد و ئەڵمانیا گەیشتە یاریی کۆتایی

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەڵمانیا یاریی لووتکەی لە ئەرجەنتین بردەوە و بۆ یاری کۆتایی مۆندیالی خوار 17 ساڵان سەرکەوت.
 
لە یارییەکی دراماتیکی و سەرنجڕاکێشدا، یاریگەی ماناهان بووە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی ئەرجەنتین و ئەڵمانیا لە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالی خوار 17 ساڵان. 
 
ئەڵمانیا بەباشی دەستیپێکرد و تەنیا نۆ خولەك دوای دەستپێکردنی یارییەکە لە رێگەی پاریس برەنێر گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد. 
 
دواتر لە خولەکی 36 ئاگوستین فابیان روبێرتۆ، ئەستێرەی یانەی ریڤەرپلەیت گۆڵی یەکسانی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تۆمارکرد و یارییەکەی بۆ خاڵی سەرەتا گەڕاندەوە.
 
یارییەکە بەو ئەنجامە بەردەوام بوو تاوەکو لە کاتی زیادکراوی گێمی یەکەمدا، روبێرتۆ جارێکی دیکە گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی ئەرجەنتینی تۆمارکرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
 
لە گێمی دووەمدا، ئەڵمانیا چەند هەلێكی گۆڵ تۆمارکردنیان درووستکرد و لە خولەکی 58 برەنێر گۆڵی دووەمی خۆی و ئەڵمانیای تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردوە. 
 
ئەڵمانیا لە هێرشەکانی بەردەوامبوو و لە خولەکی 69 لە رێگەی ماکس مۆیرستێد گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و جارێکی دیکە پێشکەوت.
 
یارییەکە بەو ئەنجامە بەردەوامبوو تاوەکو لە کۆتا خولەکەکانی کاتی زیادکراودا، جارێکی دیکە روبێرتۆ گەڕایەوە و گۆڵی سێیەمی خۆی و ئەرجەنتینی تۆمارکرد و یارییەکە چووە لێدانی یەکلاکەرەوە. 
 
لە لێدانە یەکلاکەرەوەکاندا، کۆنستانتین هایدی، گۆڵپارێزی ئەڵمانیا دوو لێدانی سزای گەڕاندەوە و بردنەوەی بە هەڵبژاردەکەی بەخشی. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە ئەم گۆڵپارێزە بەهۆی پێکانی گۆڵپارێزی یەکەمی هەڵبژاردەکەیەوە بەشداری لەم یارییەدا کرد و توانی ئەم هەلە بقۆزێتەوە و هەڵبژاردەکەی بۆ یاریی کۆتایی سەربخات. 
 
رۆژی شەممە، هەڵبژاردەی فەرەنسا رووبەڕووی مالی دەبێتەوە و براوەی یارییەکە رووبەڕووی ئەڵمانیا دەبێتەوە لە یاریی کۆتایی مۆندیالی خوار 17 ساڵان.