هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی باڵۆن دۆرەوە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی رێوڕەسمی باڵۆن دۆرەوە بڵاودەکەنەوە و هاندەرانی یانەی ریال مەدرید تووشی شۆک دەکەن.
رادیۆی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی چەند کاژێریکی کەم بەر لە دەستپێکردنی رێوڕەسمەکە دەڵێت "لە یانەی ریال مەدرید، هەمووان دەزانن ئەمشەو ڤینیسیۆس جونیۆر باڵۆن دۆر ناباتەوە، بەرپرسان و نوێنەرانی یانەی ریال مەدرید ئامادەی رێوڕەسمەکە نابن."
خۆسێ لویس سانچێز، رۆژنامەڤانی ئیسپانی دەڵێت "ڤینیسیۆس جونیۆر باڵۆن دۆر ناباتەوە و رۆدری براوەی خەڵاتەکەیە، بەرپرسانی ریال مەدرید نەچوونەتە پاریس و ئەمە هەواڵێکی زۆر چاوەڕواننەکراوە و تووڕەییەکی زۆری بەدواوە دێت."
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، بەرپرسانی یانەی مانچێستەر سیتی گەیشتوونەتە پاریس و رۆدری هێرناندێز، یاریزانی ئەو یانەیەش لە پاریسە بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی جیهان.
ڤینیسیۆس جونیۆر، لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی چامپیۆنزلیگ، لالیگا، سوپەری ئیسپانیا و سوپەری ئەورووپای بردووەتەوە و پێشتر راگەیێنرابوو، لە نزیکترین بەربژێرەکانە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
رۆدری هێرناندێز، لەگەڵ مانچێستەر سیتی پرێمەرلیگی بردووەتەوە و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش بوونە پاڵەوانی یۆرۆی 2024.
ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی دەڵێت "تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک نازانێت کێ باڵۆن دۆری ئەمشەو دەباتەوە."
ئەمشەو کاژێر 22:00 لە پاریس رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی ساڵ بەڕێوەدەچێت، لەنێویاندا خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی جیهان.