دالکورد بە لۆگۆ و ئاڵای کوردستانەوە گەیشته‌ خولی پلە نایابەکانی سوێد


رووداو -سلێمانى 

یانەی دالکورد، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوودا  گەیشته‌ خولی پلە نایابەکانی سوێد ناسراو بە (ئەلسڤانسکان) کاتێک ئەمڕۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانی  به‌ گۆڵێكى بێوه‌ڵام له‌  یانەی گایس گۆتێنبێرگى برده‌وه‌ .

یارییەکە لەنێو یاریگەی دۆمنارڤسڤالنی تایبەت بە دالکورد لەگەڕی 29ی خولەکەدا ئەنجامدرا، دالکورد بە یەکسانبوونیش لە یارییەکەدا بۆ یەکەمجار لەمێژوودا دەگه‌یشته‌  خولی پلە نایابی سوێد ،  به‌ڵام له‌ گێمى دووه‌مى یارییه‌كه‌ راوێژ لاوان  به‌ گۆڵێك تۆڕى گایسى هه‌ژاند و  هانده‌رانى نێو یاریگه‌ى هێنایه‌ جۆش و خرۆش و ناوبژیوانیش به‌و ته‌نیا گۆڵه‌  یارییه‌كه‌ى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى دالكورد به‌ كۆتا هێنا و به‌ فه‌رمى یانه‌كه‌ به‌ لۆگۆ و ئاڵاى كوردستانه‌وه‌ گه‌یشتنى  بۆ وه‌رزى داهاتوو یانه‌ نایابه‌كانى سوێد  مسۆگه‌ر كرد.



له‌ ریزه‌كانى دالكورد پێشرەو عەزیزی، کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کاپتنی یانەکەیە، راوێژ لاوان و رێوان ئەمینیش دوو یاریزانی دیکەی کوردی نێو ئەو یانەیەن، ئەمە جگە لەوەی یاریدەدەری راهێنەری یانەکەش کە ئەمیر ئازرەفشانە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە.