"خولی تۆم و جێری بەرەو نەمان دەچێت"


خولی لالیگای ئیسپانیا ماوی نۆ وەرزە وەک ئێستا رکابەرییەکان و پەلەقاژە و شەڕی پلەکانی پێشەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە و هەنوکە پێشەنگی خولەکە و پێنجەمی ریزبەندی خولەکە خیاوازی نێوانیان تەنیا دوو خاڵە.

هەندێ لە شرۆڤەکارانی وەرزشی وایدەبینن حاڵەتەکە شتێکی ئاساییەو بە ماوەیەکی کەم کۆتایی دێت و هەندێکی دیکەش دەڵێن بەردەوام دەبێنت و ئیتر لە ئیسپانیا شتێک نەماوە بە نێوی خولی تۆم و جێری.

خولی لالیگای ئیسپانیا خەریکە دوای دەیەیەک کێبڕکێکانی پلەکانی پێشەوەی خولەکە بۆ بردنەوەی نازناوەکە توندتردەبنەوە

زیاتر لە نۆ ساڵە لە هەفتەی دەیەمی لالیگای ئیسپانیا ریزبەندی پێشەوەی خولەکە بەم شێوەیەی ئێستا لێکتر نزیکنەبوونەتەوەو کێبڕکێی یانەکان لە پێشکەوتن و پەلەقاژەیان بۆ پلەکانی پێشەوە لە دەیەی رابردوو هاوشێوەی نەبووە.

خولی ئیسپانیا بەهۆی ئەوەی کە تەنیا دوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا کێبڕکێیان بۆ بردنەوەی نازناوەکە دەکرد و بە زیاتر لە دە خاڵ لە رکابەرەکانیان دوور دەکەوتنەوەو بۆیە زۆر جار بە خولی تۆم و جێری دەناسرا و هەندێک جاریش پێیان دەگووت خولی دوو جەمسەری ئیسپانیا.

جگە لەمە هەموو ساڵێک لە لالیگا ئەسپێکی رەش هەیەو یاخود ئەستێرەیەک هەیە بەڵام بۆ وەرزی داهاتوو ئەستێرەکە ئاوا دەبێت و یەکێکی دیکە شوێنی دەگرێتەوە، بەڵام هەرگیز رووناکییەکەی وەک یەستێرەی بلۆگرانا و مێرنگی نەبووە.

بەڵام لەم وەرزەدا ئەستێرە نوێیەکان ژمارەیان زیاد بووەو بە هێزو ورەوە رکابەری بردنەوەی نازناوەکە دەکەن و خەریکە ئەو ساردییەی لای چاودێران و هەوادارانی تۆپی پێی لە خولی ئیسپانیا هەیە بڕەوێتەوەو جارێکی دیکە بەهەمووان بڵێن لالیگا بەتام و چێترین و بەهێزترین خولی تۆپی پێی جیهانە.

ئێستا خولەکە رکابەرییەکانی ئەوەندە بەهێزە کە پێشەنگ و پێنجەمی خولەکە جیاوازی نێوانیان تەنیا دوو خاڵە کە دە وەرزە ریزبەندیەکی هاوشێوە لە لالیگا نەبینروا. بارسێلۆنا سەڕەڕای دۆڕانی بە ریل مەدرید،  بەڵام لە پێشەنگی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ و هەروەها یانەی سیڤییا بەهەمان خاڵ لە پلەی دووەم دێت، بەڵام بە جیاوازی گۆڵ، یانەی ریال مەدریدیش بە 21 خاڵ و جیاوازی تەنیا خاڵێک لە پلەی سێیەمی لالیگایە و هەروەها ڤاڵێنسیا بەهێزەوە رکابەری بردنەوەی خولەکە دەکات و بە کۆکردنەوەی 20 خاڵ لە پلەی چوارەمە و یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردوو دوای بڕینی ساتی ناخۆش و بێ راهێنەری لە شەش یاریی سەریەک بەڵام توانی لە رکابەرییەکانی بەردەوام بێت و ئەمیش بە 20 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی پێنجەمە.

ئەوەی گرنگ و جێگەی گومانی چاودێرانی وەرزشی و هەوادارانی لالیگای ئیسپانی ئەوەیە ئاخو ئەم رکابەرییانە تاسەر دەبێت یاخود وەک ئەستێرەیەکی کلکدار بە ئاسمانی لالیگا رەت ئەبن و بە تێپەڕبوونی کات دائەمرکێن و ئەکوژێنەوە، یاخود بەردەوام ئەبن و بە هوموو جیهان رادەگەێنن ئێتر بەسە شتێک لە ئیسپانیا نەماوە بەنێوی خولی تۆم و جێری.