ڤیدیۆ؛ بۆرووسیا دۆرتموند ریمۆنتادایەکی گەورەی کرد

رووداو دیجیتاڵ

بۆرووسیا دۆرتموند ریمۆنتادایەکی گەورەی بەسەر بۆخومدا کرد و لە دوو گۆڵەوە گەڕایەوە و بەئەنجامی 4-2 لێیبردەوە.
 
هەفتەی رابردوو دۆرتموند بەئەنجامی 1-5 بە شتوتگارت دۆڕا، و لەکاتێکدا وادیاربوو گوشارەکان لەسەر نوری شاهینی راهێنەری نوێ زیادبوون، کە لەم یارییەدا تیپەکەی سەرەتا دوو گۆڵی لەلایەن بۆخومەوە لێیکرا.
 
بۆخۆم لە ماوەی پێنج خولەکدا بە دوو گۆڵ پێشکەوت، کە یەکەمیان لە خولەکی 16 لە رێگەی ماتۆس بیرۆوە تۆمارکرا، و دووەمیشیان لە خولەکی 21 لەلایەن دانی دی ویتەوە تۆمارکرا.
 
دۆرتموند بەر لە تەواوبوونی نیوەی یەکەم گەڕایەوە نێو کەشی یارییەکە، و سێرهۆ گیراسی بەسەر گۆڵی یەکەمی بۆ تیپەکەی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 62 ئیمری جان بە لێدانی سزا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد.
 
دۆرتموند بەوە نەوەستا و لە خولەکی 75 بە هێرشێکی پێچەوانە گیراسی گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی تیپەکەی تۆمارکرد.
 
نۆرە گەیشتە فیلیکس نمێچا، کە لە خولەکی 81 گۆڵی چوارەمی دۆرتموندی تۆمارکرد.
 
بەم سەرکەوتنە دۆرتموند بەشێوەیەکی کاتی گەیشتە پلەی دووەم لەدوای بایرن میونشن لە ریزبەندیی بوندێسلیگادا، کە لە پێنج یارییدا 10 خاڵی هەیە.
 
لە کاتێکدا بۆخوم بە یەک خاڵ پلەی پێشکۆتایی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە.