وادەی دوورکەوتنەوەی بێرنال دیاریکرا



رووداو دیجیتاڵ

مارک بێرنال، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا تووشی پێکانێکی مەترسیداربوو و پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە.
 
بارسێلۆنا، شەوی سێشەممە لە یارییەکی زەحمەتدا توانی لە یانەی رایۆ ڤاییکانۆ بباتەوە و سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنێت، بەڵام خۆشییەکانی بارسا بەردەوام نەبوون، چونکە مارک بێرنال، ئەستێرەی لاوی ئەو یانەیە تووشی پێکانێکی سەخت بوو و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
بارسێلۆنا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، یاریزانەکە بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی تووشی پێکانبووە و چەند رۆژی داهاتوو دەست بە وەرگرتنی چارەسەرییەکانی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا یانەکە پاڵپشتی خۆی بۆ یاریزانەکە دووپاتکردووەتەوە و دەڵێت "مارک لەگەڵت دەبین."
 
هەرچەند بارسێلۆنا وادەی دوورکەوتنەوەی یاریزانەکە رانەگەیاندووە، بەڵام میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ئەو یاریزانە لەگەڵ بەستەرەکانی ئەژنۆی، کڕکڕاگەی ناوەوەی بەستەرەکانیشی پچڕاوە، بەمەش یاریزانەکە 10 تاوەکو 12 مانگی پێویستە تاوەکو بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان."
 
 
یانەی بارسێلۆنا لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی ئێکس پشتگیری خۆی بۆ یاریزانەکە دووپاتکردەوە، یانەی ئاتلێتیک بیلباویش بە هەمان شێوە پشتگیری خۆی بۆ یاریزانەکە راگەیاند.
 
مارک بێرنال تەمەنی 17 ساڵە و لە چەند یاری رابردوودا بە شێوەیەکی سەرەکی یاری بۆ یانەی بارسێلۆنا کرد و ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد، ئەم پێکانەی ئەو یاریزانە ئیسپانییە لێدانێکی گەورەیە بۆ پێکهاتەی بلاوگرانا.