ئامەدسپۆر دەیەوێت یەکەم بردنەوە تۆماربکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، سێیەم یاریی لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا ئەنجامدەدات و دەیەوێت یەکەم بردنەوە تۆماربکات.
 
ئامەدسپۆر ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولەکەدا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و دوور لە هاندەرانی لە ئیستەنبوڵ دەبێتە میوانی یانەی ساکاریا سپۆر و یارییەکە کاژێر 21:00 دەستپێدەکات.
 
یانەکەی باکووری کوردستان، لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر فاتیح کەرەگۆمرۆگ یەکسانبووە و لەنێو یاریگەی خۆیشیدا بەرامبەر یانەی ئیستەنبوڵ سپۆر دۆڕا و ئەمڕۆ دەیەوێت یەکەم یاری ئەم وەرزە لە خولەکەدا بباتەوە.
 
ساکاریاسپۆر لە دوو یاریی رابردوودا نەیتوانیووە هیچ یارییەک بباتەوە، هەردوو یارییەکەی بەیەکسانبوون تەواوکردووە و ئەوانیش دەیانەوێت یەکەم یاریی ئەم وەرزە لە خولی پلە یەکی تورکیادا ببەنەوە.
 
خولی پلە یەکی تورکیا، بەبەشداری 18 یانە بەڕێوەدەچێت، یانەی ئامەدسپۆر یەکەمجارە بەشداریی دەکات و دەیەوێت بە ئاستێکی بەرزەوە لە رکابەرییەکەدا دەربکەوێت و ماوەیەکی زۆر لەو خولەدا بمێنێتەوە و هەنگاو بنێت بۆ گەیشتن بە رکابەرییەکانی سوپەرلیگ، کە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی تورکیایە.