خەریکە رۆبیالێس سەری ریال و بارسێلۆنا دەخوات
رووداو دیجیتاڵ
خەریکە کێشەی لویس رۆبیالیس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ببێتە کارەساتێکی گەورە بۆ یانە ئیسپانییەکانی بەشدار لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان، بەتایبەت ریال مەدرید و بارسێلۆنا.
ئیسپانیا ئەمساڵ پێنج نوێنەری لە چامپیۆنزلیگ هەیە کە جگە لە بارسێلۆنا و ریال مەدرید، بریتین لە ئاتلێتیکۆ مەدرید، ریال سۆسیێداد و سێڤییا، ئەمە جیا لە بەشداریکردنی ڤیاریال و ریال بیتێس لە یۆرۆپالیگ و ئۆسەسۆنا لە کۆنفرانسلیگ.
سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن بەهۆی کێشەی رۆبیالیسەوە مەترسیی زۆر لەسەر دەرکەوتنی ئەو یانانە لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دروستبووە.
لویس رۆبیالیس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕان و ماچکردنی کچە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە ئاهەنگی بەدەستهێنانی مۆندیالی خانمان، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و کاردانەوەی جیاوازی بەدوادا هاتووە و یاریزانانی ئیسپانیا داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن. فیفاش لای خۆیەوە لیژنەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتەکانی دروستکردووە و بۆ ماوەی 90 رۆژ ئەو سەرۆکەی لە کارەکانی سڕکردووە.
میدیای فەرەنسا و میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئاندرۆ کامپس، ئەمینداری گشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کە پشتگیریی رۆبیالیس دەکات، هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کردووە بەوەی دەستدەخەنە نێو کاروباری نێوخۆیی فیدراسیۆنەکەوە و ئەوەش کارێکە فیفا و یۆفا قبووڵی ناکەن.
کامپس بەبەرپرسانی حکومەتی ئیسپانیای گوتووە، کە لای یەکێتیی ئەوروپا سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکات، ئەگەر بەردەوام بن لە گوشارکردن بۆ دەستلەکارکێشانەوەی رۆبیالێس، لە کاتێکدا یەکێتیی ئەوروپا رێگەنادات حکومەتەکانی ئەندام لە یەکێتییەکە، دەست لەکاروباری وەرزشیی وەربدەن.
پێشتر ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرسی حکومەتی ئیسپانیا، لە نێویاندا سەرۆکوەزیرانی وڵاتیش، داوای دەستلەکارکێشانەوەی رۆبیالیسیان لە پۆستەکەی کردبوو.
کامپس بەبەرپرسانی حکومەتی ئیسپانیی گوتووە، ناچارکردنی رۆبیالیس بەدەستلەکارکێشانەوە لە ژێر گوشارەکانی حکومەت، مانای دەستوەردانی راستەوخۆی حکومەتە لە کاروباری وەرزش و ئەوەش کارێکە یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوە وەرزشییەکانی کیشوەرەکە قبووڵی ناکەن.
ئەو گوتوویەتی ئەگەر گوشارەکان سەربکێشن بۆ وازهێنانی رۆبیالێس لە پۆستەکەی، مانای وایە حکومەت دەستی لە وەرزش وەرداوە و ئەوکات یۆفا ناچاردەبێت بەهۆی دەستوەردانی حکومەتەوە، لە یەکەم هەڵوێستدا، یانەکانی ئیسپانیا لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دەربکات.
کامپس هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا کردووە، بێتە ناو دۆسێیەکەوە و بەرگری لە رۆبیالێس بکات بەرامبەر گوشارەکانی حکومەتی ئیسپانیا.
رۆبیالێس پێشتر خۆی رایگەیاندبوو کە بەهیچ شێوەیەک دەستلەکارەکانی ناکێشێتەوە.
بەردەوامبوونی رۆبیالێس لە پۆستەکەی و سووربوون لەسەر مانەوە و زیادبوونی گوشارەکانی نێو ئیسپانیا بۆ سەر ئەو سەرۆکە، دۆخێکی تەمومژاویی لەبارەی تۆپی پێی وڵاتەوە هێناوەتە ئاراوە، لە کاتێکدا چەندین بەرپرسی تۆپی پێ، دەستیان لەکارەکانیان کێشاوەتەوە لە دژی رۆبیالێس.