نەیمار یاریی ناکات و بنزیما چاوی لە چوارەم بردنەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولی سعودی دەستپێدەکەن، لە یاریی لووتکەی گەڕەکەدا هەردوو یانەی هیلال و ئیتیفاق رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە کاژێر 21:00 لەسەر یاریگەی شا فەیسەڵ بن فەهد لە ریاز بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە دەیانەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانیان بدەن.
هەرچەند نەیمار بەشداریی لە بەشێکی مەشقەکانی یانەی هیلالدا کردووە، بەڵام بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، چونکە بەتەواوی ئامادەنییە.
بەر لەم یارییە هەردوو یانەی هیلال و ئیتیفاق بە دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک لە خولەکەدا خاوەنی 7 خاڵن و هەردووکیان نایانەوێت تووشی یەکەم دۆڕان ببن.
لە یارییەکی دیکەدا کە لە هەمان کاتدا بەڕێوەدەچێت، یانەی ئیتیحادی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بە سێ بردنەوەی لەسەریەک، بەسەرکردایەتیی دووانەی مەترسیدار، کەریم بنزیما و عەبدولرەزاق حەمدوڵلا بەرامبەر یانەی وەحدە یارییدەکات.
ئیتیحاد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یارییدەکات، بەڵام ئەرکی بەو رادەیە زەحمەت نییە، بەتایبەت کە وەحدە یانەیەکی زۆر بەنێوبانگ نییە، هەرچەندیش کە لە سێ گەڕی رابردووی خولەکەدا 6 خاڵی کۆکردووەتەوە و ئەمشەویش لە یاریگەی خۆیدا یارییدەکات.