بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و لاوان: حکومەت دوو ملیار دینار بۆ یانەکان تەرخان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی وەرزشیی گارە لە دۆخێکی خراپی داراییدایە، بەجۆرێک 200 ملیۆن دینار قەرزدارە، لە رابردوودا یانەکە 13 تیمی هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا دوو تیم ماونەتەوە، مووچەی مانگانەی یاریزانەکانی 25 ملیۆن دینار بوو، لە 2014 تاوەکو 2021، تەنیا 20 ملیۆن دینار بە یانەی گارە دراوە.
یانەی وەرزشیی گارە لە ساڵی 1995 دامەزراوە، تاوەکو ساڵی رابردوو، نۆ یاریزانی یانەی وەرزشیی گارە لە یانەکانی دهۆک، سێمێل و ئاکرێ یارییان دەکرد، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، حکومەت بە دوو قۆناخ دوو ملیار دینار بۆ یانەکان تەرخان دەکات.
شێروان بەشار، سەرۆکی یانەی گارە میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی، لە ساڵی 2015ـەوە دۆخی دارایی یانەکە خراپە، هەندێکجار کۆمپانیاکان پارەیان پێداون، چونکە پێشتر مانگی 13 ملیۆن دیناریان وەردەگرت و لەبەر ئەوەی 13 تیمی هەبوو، ساڵانە نزیکەی 130 ملیۆن دیناریان پێدەدرا لەلایەن حکومەتەوە پێدەدرا، بەڵام لە دوای 2013ـەوە هیچ پارەیەک بۆ یانەی گارە خەرج نەکراوە، جگە لە هاوکاریی حکومەت یانەکە هیچ سەرچاوەیەکی دارایی نییە.
شێروان بەشار گوتیشی، ساڵی 2020 حکومەت تەنیا جارێک 20 ملیۆن دیناری پێداون، لە ساڵانی قەیرانی دارایی وەزارەتی دارایی تەنیا پارەی بۆ یانەکانی دهۆک خەرج نەکردووە، بەڵام پارە بۆ یانەکانی هەولێر و سلێمانی خەرجکراوە، ئەو 20 ملیۆن دیناری وەریانگرتووە بەشی مووچەی مانگێکی یاریزانەکان ناکات، "یانە هەیە ساڵانە ملیارێک دیناری بۆ خەرجکراوە".
سەرۆکی یانەی گارە باس لەوەش دەکات، بەهۆی پێنەدانی پارە، بڕیاریانداوە بەشداریی هیچ خولێک نەکەن، چونکە یانەکە 13 تیمی هەبوو، ئێستا دوو تیمی ماوە، تەنانەت مەترسیی دابەزینی یانەکەیان هەیە بۆ خولی پلە دووی کوردستان، ئەگەرچی ساڵی رابردوو 10 یاریزانیان لە یانەکانی دهۆک، سێمێل و ئاکرێ یارییان دەکرد.
د. شاکر سمۆ، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، دووجار نووسراوی هاوکاریکردنی یانەی گارەی ناردووە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی داراییەوە قبووڵ نەکراوە، لە پێش 2014وە مانگانە 710 ملیۆن دینار بۆ یانە وەرزشییەکان هەبوو، لەگەڵ بودجەیەکی 10 ملیار دیناری بۆ یانەکانی بەشدار لە خولەکانی عێراق و ئاسیا، بەڵام لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی قەیرانی دارایی بودجەی یانەکان بڕدراوە.
د. شاکر سمۆ دەشڵێت، لە ساڵی 2019 ملیارێک دینار بەسەر 100 یانەدا دابەشکرا، لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش نووسراوێک کراوە بە دوو قۆناخ دوو ملیار دینار بۆ یانەکان تەرخان دەکات، بەڵام پێویستە یانە وەرزشییەکان وەبەرهێنانی تایبەتی خۆیان هەبێت.