7 گۆڵه‌كه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌درید پۆگبا ده‌به‌نه ریال مه‌درید
راپۆرته رۆژنامه‌ڤانییه‌كان له مه‌دریده‌وه ده‌ڵێن "دۆڕانه گه‌وره‌كه‌ی ریال مه‌درید به ئاتلێتیكۆ مه‌درید به‌رپرسانی یانه‌كه ناچار ده‌كات پۆل پۆگبا بهێننه ریزه‌كانی یانه‌كه‌یان به هه‌ر نرخێك بێت".
له چوارچێوه‌ی جامی پاڵه‌وانانی نێوده‌وڵه‌تی دۆستانه‌دا له ئه‌مریكا، ریال مه‌درید و ئاتلێتیكۆ مه‌درید به‌یه‌كگه‌یشتن و ریال مه‌درید به ئه‌نجامی 3 ـ 7 به ئاتلێتیكۆ مه‌درید دۆڕا، ئه‌مه‌ش هه‌را و تووڕه‌بوونێكی زۆری له‌نێو جه‌ماوه‌ر و ته‌نانه‌ت كارگێڕی یانه‌كه‌شدا نایه‌وه.
به‌پێی رادیۆی كادینا كۆپی، ئه‌و ئه‌نجامه گه‌وره‌یه به‌رپرسانی یانه‌كه‌ی زۆر تووڕهكردووهو بڕیاریانداوه به هه‌ر نرخێك بێت گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ پۆل پۆگبای یاریزانی فه‌ره‌نسی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد بكه‌ن، كه له‌مێژه زینه‌دین زیدانی راهێنه‌ر داوای ده‌كات.
كادینا كۆپی، ده‌ڵێت "هیچ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك له گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ پۆگبا نییه". هه‌روه‌ها ماركاش ده‌ڵێت "گرێبه‌ستكردنی ریال مه‌درید له‌گه‌ڵ پۆگبا ته‌نیا كاتی ماوه".
رۆژنامه‌ی سه‌نی به‌ریتانیش باس له‌وه ده‌كات كه دوای دۆڕانه گه‌وره‌كه، به‌رپرسانی ریال مه‌درید بڕی 150 ملیۆن پاوه‌ندیان ئاماده‌كردووه بۆ گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ پۆگبا.
هه‌ر له‌و باره‌وه ماتیاسی برای پۆگبا گوتی "ئه‌گه‌ر براكه‌م پێویست بێت بچێته ریال مه‌درید ئه‌وا هه‌ر ده‌بێ بڕوات".