ریال مەدرید پارێزگاری لە داهاتووەکەی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید پارێزگاری لە یاریزانەکانی دەکات و کار بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی چوار یاریزانی دیکەی دەکات، دوای ئەوەی گرێبەستی لوکا مۆدریچی نوێکردەوە.
کارگێریی ریال مەدرید ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا گرێبەستی هەریەکە لە ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ گوس، ئیدوارد کاماڤینگا و ئیدێر میلتاو نوێبکاتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ریال مەدرید رێککەوتنی لەگەڵ کاماڤینگا تەواوکردووە، یاریزانەکە گرێبەستەکەی تاوەکو 2028 نوێدەکرێتەوە، مووچەکەی زیاد دەکرێت و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دەکرێتە 1 مملیار یۆرۆ.
گرێبەستی ئێستای ڤینیسیۆس لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا لەگەڵ یانەی شاهانە کۆتاییدێت، ریال مەدرید گرێبەستی یاریزانەکە تاوەکو ساڵی 2027 نوێدەکاتەوە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەش دەکرێتە 1 ملیار یۆرۆ.
گرێبەستی رۆدریگۆ و میلیتاو لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، ریال مەدرید لە تواناکانی هەردوو یاریزانەکە رازییە و نایەوێت بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداریان ببێت، بۆیە گرێبەستی ئەو دوو یاریزانە بەرازیلییەش نوێدەکرێتەوە.
هەنگاوەکانی ریال مەدرید بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەم چوار یاریزانە لەکاتێکدایە، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، یانەی شاهانە گرێبەستی هەریەکە لە لوکا مۆدریچ، تۆنی کرووس و ناچۆ فێرناندێزی نوێکردەوە.