ئیسپانیا لە ریمۆنتادا رزگاری بوو و گەیشتە قۆناخی هەشتی یۆرۆ

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە ریمۆنتادای هەڵبژاردەی کرواتیا رزگاری بوو و بە بردنەوە لێی خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی یۆرۆ.

هەردوو هەڵبژاردە لە پارکن ستادیۆن بەرامبەر یەکدی یارییان کرد و ئیسپانییەکان یارییەکەیان بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردەوە.

لە گێمی یەکەمدا و لە خولەکی 20 پێدری گۆڵی یەکەمی  بە هەڵە لە تۆڕی ئیسپانیا تۆمارکرد، دواتر لە خولەکی 38دا پابلۆ سارابیا گۆڵی یەکسانی بۆ ماتادۆرەکان تۆمارکرد.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 57دا سیزار ئازپیلکوێتا گۆڵی دووەمی بۆ لارۆخا تۆمارکرد، دواتر لە خولەکی 77دا فێران تۆرێس گۆڵی سێیەمیشی بۆ ئیسپانیا تۆمارکرد، کرواتییەکان بەم ئەنجامە خۆیان بەدەستەوەنەدا و لە خولەکی 85دا میرۆسلاڤ ئۆرشیچ گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و چەند ساتێک پێشکۆتاییهاتنی یارییەکەش ماریۆ پاسالیچ ئەنجامەکەی بۆ کرواتییەکان یەکسانکردەوە.

یارییەکە چووە کاتی زیادکراو، لە خولەکی 100دا ئالڤارۆ مۆراتا گۆڵی چوارەمی ئیسپانییەکانی تۆمارکرد و سێ خولەکیش دوای ئەم گۆڵە میکێل ئۆیارزابال گۆڵی پێنجەم و کۆتایی یارییەکەی تۆمارکرد.

دوای یارییەکەش سێرخیۆ بوسکێتسی ناوەڕاستکاری ئیسپانیا بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.

لە قۆناخی هەشتیشدا ئیسپانیا لەگەڵ براوەی یاری نێوان سویسرا و فەرەنسا یاریدەکات.