هازاردی برای هازارد هەواڵێکی ناخۆشی راگەیاند

رووداو دیجیتال

تۆرگان هازارد، برای ئێدین هازارد ئەستێرەی بەلجیکی، کە هەردووکیان پێکەوە یاریی بۆ هەڵبژاردی بەلجیکا دەکەن، هەواڵێکی ناخۆشی لەبارەی براکەیەوە راگەیاند و گوتی "پێناچێت پێکانەکەی هازارد باش بێت".

ئێدن هازارد لە خولەکەکانی کۆتایی یاری وڵاتەکەی بەرامبەر پۆرتوگال لە قۆناخی 16ـی یۆرۆدا تووشی پێکان بوو، کە لەو یارییەدا بەلجیکییەکان بە تاکە گۆڵێک یارییەکەیان بردەوە و بلیتی قۆناخی 8ـیان وەرگرت و پۆرتوگالیان لە پاڵەوانێتییەکە دەرکرد.

تۆرگان، کە لەو یارییەدا تاکە گۆڵی سەرکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی بەلجیکا تۆمارکرد و بە باشترین یاریزانی یارییەکەش دەستنیشانکرا، لەبارەی پێکانەکەی ئێدینی برای گوتی "هیوادارم پێکانەکەی ئێدین مەترسیدار نەبێت، بەڵام پێناچێت باش بێت، تیمێکی پزیشکیی باش هەیە بایەخی پێدەدەن، دەبێت چاوەڕێ بین".

تۆرگان هەروەها گوتیشی "هیوادارین ئێدین لە پاڵەوانێتییەکەدا لەگەڵماندا بمێنێتەوە، هەروەها کیڤن دی بروینیش، چونکە ئێمە پێویستیمان بەو دووانە هەیە".

ئەو یاریزانە بەلجیکییە، لەبارەی هەستەکانییەوە کە درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لەبەردەکات، گوتی "هەست بەسۆزێکی زۆر دەکەم بۆ نوێنەرایەتی وڵاتەکەم، دەتوانم یارمەتیان بدەم بۆ بەردەوام بوون لە چوونە پێشەوە".

لە کۆتایی قسەکانیدا، برای هازارد گوتیشی "ئێمە زۆر دڵخۆشین کە گەیشتینە قۆناخی داهاتوو، بێگومان بەباشی ئامادە دەبین، ئێمە پشوویەکمان هەیە پێش ئەوەی بیر لە ئەرکی داهاتوو بکەینەوە".

لە دوای یارییەکەی بەلجیکا و پۆرتوگال، رۆژنامەڤانێک لە ئێدین هازاردی پرسی تووشی پێکان بووی؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "نازانم چیم بەسەرهاتووە، لە ئەژنۆمدا کەمێک هەست بە ئازار دەکەم، نازانم دەتوانم لە یۆرۆدا بەردەوام بم یان نا، با پشکنینەکان بکەین دەزانین".