هەردی سیامەند گرێبەستێکی گەورەی واژۆکرد


رووداو - هەولێر

دەستەی کارگێری یانەی مینای عێراقی رایگەیاندووە، لەگەڵ هەردی سیامەند، بەرگریکەری یانەی هەولێر گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی یاریزانەکە بۆ یەک وەرز پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکە بکات.

جێگری سەرۆکی یانەکە جلیل حنون لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرایکردووە ئەوان دەیانەوێت وەرزی داهاتوو ئەنجامێکی باش بەدەستبێنێن لەبەرئەوە پێیانوایە پێویستیان بەو یاریزانە بووە.

هەردی سیامەند، لەلێدوانێکیدا بە رووداوی راگەیاند بۆ ماوەی یەک وەرز پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی مینا کردووە و بڕی گرێبەستەکەشی 160 ملیۆن دینارە و دوای جەژنی رەمەزان پەیوەندی بە راهێنانەکانی یانەکەوە دەکەم بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ رکابەرییەکانی وەرزی داهاتووی خولی عێراق.

جلیل لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی راگەیاندووە، دەیانەوێت بۆ وەرزی داهاتوو رکابەری لەسەر پێشەوەی ریزبەندی خولی عێراق بکەن و لەداهاتوودا چەند گرێبەستێکی دیکەش واژۆدەکەن.