لیۆنێل میسی: به‌رشلۆنه‌ به‌ هیچ شتێك نامفرۆشێت




گۆڤاری (سیتى)، كه‌ سه‌ر به‌ رۆژنامه‌ى كۆرێری دیلا سیرای ئیتاڵییه‌، هه‌ڤپه‌یڤینێكی له‌گه‌ڵ لیۆنێل میسی ئه‌ستێره‌ى ئه‌رجه‌نتینی یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ى ئیسپانی ئه‌نجامداوه‌، كه‌ تێیدا باشترین یاریزانى جیهان وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیار له‌ باره‌ى ژیانى تایبه‌تی خۆی و ئه‌و كێشانه‌ى به‌م دواییه‌ له‌ باره‌ى تۆمه‌تباركردنى به‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ دانى باجه‌كان تووشی بوون، ده‌داته‌وه‌.

(رووداوى وه‌رزشی) به‌شێكی ئه‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌ ده‌كاته‌ كوردى:
سیتى: له‌ مه‌سه‌له‌ى باجه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ى باسده‌كرێت راسته‌، تۆ خۆت له‌ دانى باجه‌كان دزیوه‌ته‌وه‌؟

لیۆنێل میسی: نه‌خێر، هه‌موو ئه‌وه‌ى ده‌گوترێت درۆیه‌، هیچ هه‌ڵه‌یه‌كم نه‌كردووه‌ و دڵنیام به‌مزووانه‌ هه‌موو شتێك چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

سیتى: به‌ڵام دادگا پێیوایه‌ تۆ خۆت له‌ دانى چه‌ند ملیۆن دۆلارێك دزیوته‌وه‌؟
لیۆنێل میسی: من و خێزانه‌كه‌م پاره‌ ده‌ده‌ینه‌ كۆمپانیایه‌كى پارێزه‌رایه‌تى پسپۆر له‌م مه‌سه‌له‌یه‌. په‌یوه‌ندیم پێیانه‌وه‌ كردووه‌و دڵنیایان كردوومه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌كانى تایبه‌ت به‌ باجه‌كان راست و بێ كێشه‌ن. به‌ڵێنیان پێداوم كه‌ به‌ زووترین كات ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

سیتى: هه‌ندێك باسی خێزانه‌كه‌ت و خه‌ونه‌كانتمان بۆ بكه‌؟
لیۆنێل میسی: له‌ راستیدا هه‌میشه‌ خه‌ونم به‌وه‌ بینیوه‌ خانوویه‌ك بۆ دایك و باوكم له‌ باخادا له‌ ئه‌رجه‌نتین بكڕم، ده‌مه‌وێ هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌وێ بژین، بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ داهاتوودا ئه‌و خه‌ونه‌م بێته‌دی.

سیتى: راسته‌ شێوازى ئاهه‌نگ گێرانت له‌كاتى گۆڵ تۆماركردن به‌هۆی داپیره‌ته‌وه‌یه‌.
لیۆنێل میسی: به‌ڵێ، هه‌ر گۆڵێك تۆمارده‌كه‌م پێشكه‌شی سیلیای داپیره‌ی كۆچكردووم ده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ هانى ده‌دام بۆ یاریكردن و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبردمه‌ یاریگه‌كان. ئه‌و یه‌كه‌م تۆپی بۆی كڕیوم. بۆیه‌ مردنى ئه‌و بۆ من رووداوێكی زۆر نه‌خۆش بوو، زۆر ئازارى دام.

سیتى: برایه‌كت هه‌بوو چاوه‌ڕوان ده‌كرا ببێته‌ یاریزانێكی گه‌وره‌، كه‌چی له‌ پڕێكا بزربوو، به‌ته‌واوى پێمانبڵێ چی به‌سه‌رهات؟

لیۆنێل میسی: به‌ڵێ، رۆدریگۆی برام یاریزانێكی زۆر به‌توانابوو، ئه‌و ده‌بووه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره‌، به‌ڵام له‌ منداڵیدا تووشی رووداوێك بوو، ئێسكی پاژنه‌پێی شكا، بۆیه‌ به‌یه‌كجاری بیرۆكه‌ى یاریكردنى له‌ مێشكی خۆیدا ده‌ركرد.

سیتى: ئه‌ى په‌یوه‌ندی نێوان خۆت و ئه‌نتۆنیلاى هاوسه‌رت چۆنه‌.
لیۆنێل میسی: (به‌پێكه‌نینه‌وه‌)، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تۆپی پێی خۆشناوێت، زۆرجار كه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ پێیده‌ڵێم ئه‌مڕۆ دوو گۆڵ یان هاتریكم تۆماركردووه‌، كه‌چى هه‌ر بایه‌خیشی پێنادات.

سیتى: خۆت یان یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ت ده‌توانن به‌ زمانى ئیتاڵی قسه‌ بكه‌ن؟
لیۆنێل میسی: نه‌خێر، كه‌سمان زمانى ئیتاڵی نازانێت.

سیتى: له‌ رێگه‌ى ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ ته‌ماشای یارییه‌كانى خوله‌كانى دیكه‌ى ئه‌وروپا ده‌كه‌ى؟
لیۆنێل میسی: زۆر نا، من زۆربه‌ى كاته‌كانى پشوو له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م به‌سه‌رده‌به‌م، ئێستاش دواى هاتنى تیاگۆی كوڕم، هه‌موو شتێك گۆڕاوه‌، ئه‌و بووه‌ته‌ هه‌موو شتێك له‌ ژیانمدا.

سیتى: مه‌به‌ستت چییه‌ له‌وه‌ى تیاگۆ هه‌موو ژیانتی گۆڕیوه‌؟
لیۆنێل میسی: به‌ڵێ، له‌گه‌ڵ تیاگۆ ژیانم سه‌راوژێر بووه‌، واملێهاتووه‌ حه‌زده‌كه‌م خۆم دایبییه‌كانى بگۆڕم، له‌گه‌ڵیدا ده‌چمه‌ حه‌مام و پێَكه‌وه‌ خۆمان ده‌شۆین، زۆر یاریشی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م.

سیتى: هه‌ندێك باسی رۆژی له‌دایكبوونى تیاگۆمان بۆ بكه‌؟
لیۆنێل میسی: ئه‌و رۆژه‌ هه‌ندێك زه‌حمه‌ت بوو بۆ من، چونكه‌ هه‌ندێك كێشه‌ بۆ ئه‌نتۆنیلا دروست بوون، منداڵه‌كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت له‌دایكبوو، له‌بیرمه‌ ئه‌و رۆژه‌ى زۆر گریام. زۆر دوعام كرد كه‌ له‌دایكبوونه‌كه‌ به‌ سه‌لامه‌تى ته‌واو بێت.

سیتى: چیده‌بێت ئه‌گه‌ر نه‌توانى جامى جیهان ببه‌یه‌وه‌؟
لیۆنێل میسی: به‌ڕاستى زۆر ناخۆش و ئازاربه‌خش ده‌بێت.
سیتى: ئه‌گه‌ر پێتبڵێن جامى جیهانیت ده‌وێ یان تۆپی زێڕین، كامه‌یان هه‌ڵده‌بژێری؟
لیۆنێل میسی: بێ هیچ گومانێك جامى جیهانى.

سیتى: یانه‌یه‌كی رووسی ئاماده‌یه‌ 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ كڕینی تۆ بداته‌ به‌رشلۆنه‌، رات چییه‌؟

لیۆنێل میسی: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگادارى ئه‌وه‌ نیم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش روویدا پێتانوایه‌ به‌رشلۆنه‌ رازی ده‌بێت؟!. (به‌پێكه‌نینه‌وه‌) واز له‌و قسه‌و قسه‌لۆكانه‌ بێنن، به‌رشلۆنه‌ هه‌رگیز به‌ هیچ شتێك نامفرۆشێت.

سیتى: كتێب ده‌خوێنییه‌وه‌؟
لیۆنێل میسی: نه‌خێر، ئێستا ته‌نیا كتێبێك ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ له‌به‌رده‌ستمه‌ به‌ ناونیشانى "چیرۆكی ژیانی مارادۆنا"، به‌ڵام ده‌مه‌وێ له‌ داهاتوودا كتێبی زیاتر بخوێنمه‌وه‌.
سیتى: په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ مارادۆنا چۆنه‌؟

لیۆنێل میسی: په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیدا زۆر باشه‌و به‌ڕاى من ئه‌و به‌ بێ ركابه‌ر باشترین یاریزانه‌ له‌ مێژووى تۆپی پێدا.