کوردێک دەیەوێت پاڵەوانێتی بالەی کچانی وڵاتانی عەرەب بێنێتە کوردستان
هەولێر رووداو
ئازاد حەسەن، دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، داوای میوانداریکردنی پاڵەوانێتی بالەی کچانی وڵاتانی عەرەبی کردووە.
دادگای بەغدا سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەر جەمیل عەبادی سەرۆکی فیدراسیۆنی بالەی عێراق سەپاند، دوای ئەوەی تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەی خوێندنی بەسەردا ساخ بووەوە و ناوبراو سزای ساڵێک زیندانی وەرگرت و لە زیندانە، فیدراسیۆنی بالەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا ئازاد حەسەن، کە پێشتر جێگری سەرۆک بوو، پۆستی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکەی وەرگرت.
ئەم سەرۆکە کوردەی فیدراسیۆنی بالەی عێراق یاریزان و راهێنەری بالە بووە، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بووە، بڕوانامەی دکتۆرای لە بالە هەیە و مامۆستایە لە کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین.
ئازاد حەسەن، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "دڵخۆشم کە ئەو ئەرکە بە من بەخشراوە و دەمەوێت لەو ماوەیەدا گۆڕانکاری باش و پێشکەوتن لە خولی نایابی عێراق و هەموو هەڵبژاردەکان ببیندرێت".
بڕیاربوو سەرەتای مانگی 6ـی ئەمساڵ پاڵەوانێتی بالەی وڵاتانی عەرەب لە کوێت بەڕێوەبچێت، وڵاتی میواندار داوایلێبوردنی لە فیدراسیۆنی بالەی عەرەبی کرد و یارییەکان لەو وڵاتە بەڕێوەناچن، عێراق بەشێوەیەکی فەرمی داوای میوانداری پاڵەوانێتییەکەی کردووە.
حەسەن زیاتر گووتی "دەمانەوێت ئەو پاڵەوانێتییە بهێنینە هەرێمی کوردستان هەریەک لە شارەکانی هەولێر و دهۆک بەربژێرن بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان، متمانەیەکی زۆرمان هەیە مافی میواندارییەکە وەربگرین".
هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق، لە شاری سلێمانی لەنێو کەمپی راهێنان و ئامادەکاریدایە بۆ پاڵەوانێتی عەرەبی، دوای سلێمانی تیپەکە دەچێتە ئێران بۆ درێژەدان بە ئامادەکارییەکانیان بۆ پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب.
هەڵبژاردەی یەکەمی عێراقیش بەسەرپەرشتی خالید ساڵحی راهێنەر لە دەربەندیخان کەمپێکی راهێنانی کردووەتەوە و تیپەکە مانگی 7ـی ئەمساڵ بەشداری یارییەکانی خولی عەرەبی لە جەزائیر دەکات.