ئەو شەوەی جارێکی دیکە مێسی باڵادەستبوونی خۆی بەسەر رۆناڵدۆدا دووپاتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە شەوی بەپاڵەوانبوونی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسیدا، جارێکی دیکە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەو یانەیە، لە رووە مێژووییەکەوە و لە ململانێ گەورەکەیدا لەگەڵ رۆناڵدۆ، لە گەڕێکی دیکەی ململانێیەکەدا، باڵادەستبوونی خۆی بەسەر کریسدا دووپاتکردەوە.
مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، نازناوی خولی فەرەنسای بەدەستهێنا و بەوەش ژمارەیەک نازناو و دەستکەوتی دیکەی تاکەکەسی نووسییەوە.
پاریس سانجێرمان بەرامبەر ستراستبۆرگ یارییکرد لە گەڕی 37ی خولی فەرەنسا و مێسی گۆڵی پێشکەوتنی یانە پاریسییەکەی تۆمارکرد، بەرلەوەی کیڤن گامیرۆ ئەنجامەکە بۆ یانەی خاوەن یاریگە یەکسان بکاتەوە.
مێسی کۆی گۆڵەکانی لە وەرزی ئەمساڵدا گەیاندە 16 گۆڵ و 16 ئەسیستیشی بۆ هاوڕێکانی لە وەرزی ئەمساڵی خولی فەرەنسادا کردووە.
پێگەی فەرمیی خولی فەرەنسا لە تویتەر ئاماژەی بەوەداوە کە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بووە باشترین گۆڵکەری پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا.
مێسی کۆی گۆڵەکانی لە خولەکاندا گەیاندە 496 گۆڵ لە 574 یاریدا، یاریی بۆ هەردوو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کردووە.
بەم دەستکەوتە مێژووییە، مێسی توانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی ئێستای یانەی نەسڕی سعودی تێپەڕێنێت. رۆناڵدۆ پێشتر 495 گۆڵی لە 626 یارییدا بە درێسی یانەکانی مانچێستەر یونایتد، ریال مەدرید و یوڤێنتوسەوە تۆمارکردووە.
رۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕی سعودی یارییدەکات و زستانی رابردوو بەدەستەوارەیەکی ئازاد پەیوەندی بەو یانەیەوە کرد، پاشئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، هەڵوەشاندەوە.
هەر لەو شەوە مێژووییەدا کە مێسی نازناوی خولی فەرەنسای لەگەڵ سانجێرماندا بەدەستهێنا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەلی بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی خولی سعودیەی لەدەستدا، پاشئەوەی یانەی ئیتیحاد گەڕێک بەر لە کۆتایی هاتنی خولەکە، توانی نازناوەکە مسۆگەر بکات.