ڤیدیۆ؛ لایپزیگ نەیتوانی دووەمی لە دۆرتمۆند وەربگرێت

رووداو - هەولێر

یانەی لایپزیگ دەرفەتێکی زێڕینی لەدەستدا بۆ وەرگرتنەوەی پلەی دووەمی ریزبەندی لە بۆرووسیا دۆرتموند، کاتێک لەسەر یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ لەگەڵ هێرتا بەرلین یەکسان بوو.

لە خولەکی 10دا مارکۆس گرۆسیچ لە رێگەی کۆڕنەرێکەوە بەسەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هێرتا بەرلین بەدەستهێنا، بەڵام لە خولەکی 24دا لۆکاس کلۆستێرمانیش بەهەمان شێوە سوودی لە کۆڕنەرێک وەرگرت و بەسەر گۆڵی یەکسانبوونی بۆ لایپزیگ تۆمارکرد.

لە نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 63دا ناوبژیوان بە کارتی سوور مارسێل هالستێنبێرگی یاریزانی لایپزیگی لە یارییەکە دەرکرد، کە بۆ دووەمجار توندوتیژی لەدژی یاریزانانی یانەی میوان بەکارهێنا.

لەگەڵ ئەوەی لایپزیگ بە 10 یاریزان یاری دەکرد، پاتریک شیک گۆڵی دوومی بۆ لایپزیگ بەدەستهێنا، کە گۆڵپارێزی هێرتا بەرلین بەرپرس بوو لە گۆڵەکە، چونکە لێدانەکەی شیکی گرتەوە کەچی دواتر بەشێوەیەکی سەیر لەنێو دەستەکانی دەرچوو، و رێگەی بەرەو تۆڕی گۆڵەکەی گرت.

8 خولەک بەر لە تەواوبوونی یارییەکە، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ هێرتا بەرلین هەژمارکرد و کریستۆف پیاتیک سەرکەوتووانە جێبەجێیکرد و یارییەکە بە یەکسانبوون بە دوو گۆڵ کۆتاییهات.
لە یارییەکی دیکەدا شاڵکێ بووە میوانی فۆرتونا دوسێلدۆرف و بە 2 - 1 گۆڵ پێیدۆڕا.

نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی تەواوبوو، لە نیوەی دووەمدا وستۆن مکینی دوای 8 خولەک گۆڵی پێشکەوتنی بۆ شاڵکێ تۆمارکرد، بەڵام دوای 10 خولەک وەڵامی دوسێلدۆرف زۆر تووندبوو، کە لە ماوەی تەنیا 5 خولەکدا دوو گۆڵی لە رێگەی رۆبن هینیگێر و کینیان کرامانەوە بەدەستهێنا و 3 خاڵی یارییەکەیان کردە بەشی خۆیان.

یاریزانانی یانەی هوفێنهایم لەسەر یاریگەی خۆیان و دوور لە هاندەرانیان ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا، کاتێک بە سێ  بەرامبەر یەک گۆڵ لە کۆڵنیان بردەوە.

کریستۆف بۆمگارتنەر لە خولەکی 11 و 46دا دوو گۆڵی بۆ هوفێنهایم تۆمارکرد و دوای دوو خولەک ستیڤن زۆبێر گۆڵی سێیەمیشی بەدەستهێنا، فلۆریان کاینزیش لە خولەکی 60 تاکە گۆڵی کۆڵنی تۆمارکرد.