پرێمەرلیگ سێ یاریی ئاگرین بەخۆیەوە دەبینێت


رووداو - هەولێر

رکابەرییەکانی خولی پرێمەرلیگی ئینگلتەرا سێ یاریی بەهێز و گرنگ بەخۆیەوە دەبینێت، یاریی لووتکەش لەنێوان مانچێستەر یونایتد و چێڵسی دەبێت.

کاژێر 14:00 یانەی لێستەر سیتی لە یارییەکی بەهێزدا میوانداریی یانەی ئارسیناڵ دەکات، کە هەردووکیان رکابەری لەسەر گەیشتن بە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دەکان، ئارسیناڵ بۆ چامپیۆنزلیگ و لێستەریش لەپێناو یورۆپالیگ هەوڵ بۆ بردنەوە دەدات.

کاژێر 16:05 یانەی مانچێستەر سیتی بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ و هەنگاونان بۆ بردنەوەی نازناوەکە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی بێرنلی یارییدەکات.

یاریی لووتکەی ئەم هەفتەیەی پرێمەرلیگ، لەیاریگەی ئۆڵدترافۆرد دەبێت، کاتێک کاژێر 18:30 هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و چێڵسی لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

چێڵسی لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 67 خاڵ و لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکە، ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ یانەی تۆتێنهامی سێیەمی ریزبەند یەکساندەکاتەوە، مانچێستەر یونایتدیش کە بەبارودۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت لە پلەی شەشەمە بە 64 خاڵ و لە ئەگەری دۆڕانی لە یارییەکەدا، هیوایەکانی بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو زۆر لاواز دەبێت.