ئەستێرەیەکی لالیگا بۆ ڤینیسیۆس: دەبێت سەرنجت لەسەر تۆپی پێ بێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەستێرەیەکی لالیگا لەبارەی هەڵسوکەوتەکانی ڤینیسیۆس جونیۆر، هێرشبەری یانەی ریال مەدرید دێتە دەنگ و دەڵێت "لە بابەتی هەڵسوکەوت و کاردانەوەوە، پێموایە ڤینیسیۆس هەڵە دەکات."
 
لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا ڤینیسیۆس رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووەتەوە و هێرشی کراوەتە سەر، بەشێک لە میدیاکان و هاندەرانی تۆپی پێ پێیان وایە هەڵسوکەوتەکانی یاریزانەکە هۆکاری سەرەکی ئەو رووداوانەیە و رەخنەی لێدەگرن. 
 
دانی پارێخۆ، ناوەڕاستکاری یانەی ڤیاریالی ئیسپانی یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی کە پێیوایە ڤینیسیۆس دەبێت هەڵسوکەوتی بگۆڕێت، ئەو یاریزانە لە لێدوانێکیدا دەڵێت "ڤینیسیۆس یاریزانێکی باوەڕپێنەکراوە و خاوەنی بەهرەیەکی زۆرە، بەڵام پێموایە ئێمەی یاریزانان دەبێت سەرنجمان لەسەر تۆپی پێ و یاریکردن بێت. ئەو دەبێت لەوە تێبگات کە کاتێک لە ریال مەدرید یاری دەکەیت، خەڵکی هێرشت دەکەنە سەر و دەیانەوێت تووڕەتبکەن."
 
یاریزانەکەی ڤیاریال زیاتر دەڵێت "منیش لە چەند یاریگەیەکدا رووبەڕووی قسەی ناشرین بوومەتەوە و تەنانەت بە سەرخۆش بانگیانکردووم، بەڵام من کاردانەوە بەرامبەر خەڵکی نانوێنم و کێشە درووستناکەم، چونکە کارێکی پێویست نییە و یاریزانان دەبێت بەسەر دۆخی لەو شێوەیەدا زاڵبن. لە بابەتی هەڵسوکەوت و کاردانەوەوە، پێموایە ڤینیسیۆس هەڵە دەکات."
 
ڤینیسیۆس لە یارییە دۆستانەکەی نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بەرازیلدا، جارێکی دیکە سەرنجی میدیاکانی بۆخۆی راکێشا، ئەو یاریزانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەدا لەبارەی رەگەزپەرستییەوە پرسیاری لێکرا و لە کاتی وەڵامدانەوەدا دەستی بە گریان کرد، ئەوەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام لە کاتی یارییەکەدا جارێکی دیکە سەرنجەکانی بۆخۆی راکێشا کاتێک لەگەڵ هەریەکە لە ئالڤارۆ مۆراتا و ئەیمریک لاپۆرت تووشی کێشە و دەمەقاڵێ بوو، ئەمەش وایکرد رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر ببێتەوە لەلایەن هاندەرانەوە.