ئەگەری هەیە هالاند بە تووندی سزا بدرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجی و یانەی مانچێستەر سیتی سەرپێچی یاسای کردووە و ئەگەری هەیە بە تووندی سزا بدرێت.
میدیای بەریتانیا ڤیدیۆ و وێنەی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتیان لەنێو ئۆتۆمبێلێکی رۆڵز رایسی سەرنجڕاکێشدا بڵاوکردووەتەوە کە مۆبایل بەکاردەهێنێت و ئەمەش پێچەوانەی یاسای شۆفێرییە لە بەریتانیا.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی دەیلی مەیل و رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، یاریزانەکە لە کاتی لێخۆڕینی ئۆتۆمبێلدا لە رێگەیەکی نزیک یاریگەی ئیتیحادی یانەی مانچێستەر سیتی لە کاتی شۆفێریکردندا مۆبایلی بەکارهێناوە و بەدەستێک ئۆتۆمبێل لێدەخورێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رووداوەکە رۆژی دوای یاریی مانچێستەر سیتی و لایپزیگ لە چامپیۆنزلیگدا روویداوە، کە لە یارییەکەدا هالاند 5 گۆڵی تۆمارکرد.
بەپێی یاسای شۆفێریکردن لە بەریتانیا، هەر کەسێک لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا مۆبایل بەکاربهێنێت، رووبەڕووی 6 خاڵی جیاوازی سزادان دەبێتەوە و 200 هەزار پاوەندیش سزای دارایی دەدرێت و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی موڵەتی شۆفێرییەکەشی دەبێت، بەتایبەت ئەگەر دەرهێنانی موڵەتەکەی 2 ساڵی بەسەردا تێنەپەڕیبێت.
گرانت شاپس، وەزیری پێشووی گواستنەوەی بەریتانیا رایگەیاندبوو "رێوشوێنی تووندتر دەگرنەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی سەرپێچی یاساکانی هاتۆچوو دەکەن."
ئێرلینگ هالاند تووشی پێکانبووە و بەشداریی لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەیدا لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 نەکرد، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا دۆڕان.