راکردنێکی بەکۆمەڵ بۆ یارمەتیدانی تووشبووانی شێرپەنجە ئەنجام دەدرێت

رووداو هەولێر 

رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، پێنجەم راکردنی ئومێد بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەولێر ئەنجام دەدات.
 
بڕیارە ئەم چالاکییە وەرزشییە رۆژی شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ماوەکەی 3 کیلۆمەترە و خاڵی دەسپێک لە شەقامی کەرکووک نزیک تابلۆ مۆڵە و خاڵی کۆتایی لەنێو نەخۆشخانەی نانەکەلی دەبێت. 
 
مانگێکە رێکخەرانی راکردنی ئومێد ئامادەکاریی دەکەن، و لە رێگای دانانی سندوقی داهات لەنێو بەشێک لە قوتابخانەکانی هەولێر و دەوروبەری پارە بۆ هاوکاری نەخۆشانی شێرپەنجە کۆدەکرێتەوە، ئەو کەسانەی کە بەشداری راکردنەکە دەکەن وەک هاوکارییەک بڕە پارەیەک پێشکێشی سندوقی هاوکاریی دەکەن و دواتر لە رێگای چەکێکی تایبەت پارەکە پێشکێشی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەکرێت. 
 
عەبدولستار عیسمەت، سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم کە بەردەوام رووماڵی فراوانی چالاکییەکانمان دەکەن، ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە و قوتابیان و مامۆستایان لەگەڵ بەشێکی خەڵکی رۆژانە پارە دەخەنە نێو سندوقەکانمان، ئێمەش لە دوای تەواوبوونی راکردنی ئومێد لەبەرچاوی هەمووان بەڕێزەوە کۆی داهاتەکە پێشکێشی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەکەین". 
 
نەخۆشخانەی نانەکەلی لە شاری هەولێر تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە. 
 
برزۆ رەسوڵ خۆشناو، خاوەنی کۆمەڵگای پەروەردەی بارز کە سندوقی هاوکارییان داناوە، گوتی "بەشانازییەوە وەک ئەرکی سەرشانمان داهاتێکی زۆر پێشکێشی ئەم راکردنە دەکەین و رۆژی شەممە هەموومان لەپێناو دڵخۆشیی توشبووانی شێرپەنجە وەرزش دەکەین". 
 
چاوەڕواندەکرێت لە راکردنی ئومێد، جیا لە راکەرانی کورد ژمارەیەک وەرزشوان و کەسایەتی عەرەب و وڵاتانی ئەوروپاش بەشداربن.