هۆشدارییەک لە راهێنەری ئوردنەوە بۆ هەڵبژاردەی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن، بەر لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، ستایشی ئەو هەڵبژاردەیە دەکات، بەڵام رەتیدەکاتەوە بەشێوەی بەرگری یاری بکەن.
حەسەن عەموتە، راهێنەری هەڵبژاردەی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی بەرامبەر عێراق لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، لەبارەی ئەوەی بەشێوەی بەرگری رووبەڕووی عێراق دەبنەوە گوتی "نەخێر نەخێر لەو بڕوایەدا نیم، هەڵبژاردەی عێراق خاوەنی یاریزانی باشە، نەک تەنیا لە رووی هێرشبەرییەوە بەڵکو تیپەکە هەمووی زۆرباشە، هاوسەنگییەکی باشیان هەیە لە هێرشبردن و بەرگریدا، هەر تیپێک ئارەزووی سەرکەوتنی هەبێت بەرگری ناکات و بیرکردنەوەی تەنیا لەلای بەرگری نابێت، هەموو هەڵبژاردەیەک مافی ئەوەی هەیە ئامانجەکانی دیاری بکات، ئێمە دەمانەوێت تاوەکو دوورترین خاڵی پاڵەوانێتییەکە بڕۆین و هەموو بیرکردنەوەمان لەسەر یارییەکەی بەرامبەر عێراق دەبێت.
راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن دووپاتیدەکاتەوە کە یاریزانەکانی لە ورەیەکی بەرزدان و گوتی "ورەی یاریزانەکان زۆر بەرزە، ئەوان هەست بە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان دەکەن، ئێمە دەمانەوێت بە هەموو یاریزانەکانمانەوە بۆ بەرامبەر عێراق ئامادەبین و بەپەرۆشین بۆ ئەوەی ئەوەی لە تواناماندا بێت پێشکێشی بکەین."
عەموتە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی کەس ناترسین، لە راستیدا بەشێوازی بەرگری یاریی ناکەین، دەمانەوێت لە یارییەکەدا هاوسەنگی نێوان هێڵەکان رابگرین، تیپەکەمان لە دوایین یارییەکاندا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیووە و دەمانەوێت چارەسەری هەموو خاڵە نەرێنییەکان بکەین و بزانین چوون مەترسییەکان لەسەر گۆڵەکەمان دووردەخەینەوە."
راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن باس لە کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا لەسەر تیپەکەی دەکات و دەڵێت "حەزم لە پەروەردەکردنی یاریزانەکانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سۆشیاڵ میدیا، بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی ئەوان زەحمەتە لە کاتێکدا لە ژوورەکانیاندان."
پێشتر حەسەن عەموتە، راهێنەری ئوردن قسەی بۆ رووداو کردبوو و رایگەیاند، ئەوان لە کەس ناترسن و دەیانەوێت بەباشترین ئاستی خۆیانەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا دەربکەون.
رۆژی دووشەممە کاژێر 14:30 لە سێیەم یاریی قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشت.