دی خیا نزیکە لە گەڕانەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
داڤید دی خیا، گۆڵپارێزی ئیسپانی و ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد نزیکە لە پەیوەندیکردن بە یانەیەکی سعودییەوە. 
 
دوای 12 ساڵ یاریکردن بۆ مانچێستەر یونایتد، هاوینی رابردوو دێ خیا ماڵئاوایی لەو یانەیە کرد دوای ئەوەی لەسەر مەرجی تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان رێکنەکەوتن. لەو کاتەوە گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە لە تۆپی پێ دوورکەوتووەتەوە و بە دوای یانەیەکی نوێدا دەگەڕێت. 
 
بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، یانەی شەبابی سعودی هاتووەتە سەر هێڵ و چاوی لە تواناکانی دی خیایە، گفتوگۆکان لە نێوان هەردوو لایەن دەستی پێکردووە و یانە سعودییەکە دەیەوێت لەم گواستنەوەی زستانەیەدا گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە بگوازێتەوە ریزەکانی. 
 
هەوڵەکانی یانەی شەباب، بۆ گواستنەوەی دی خیا لەکاتێکدایە، یانەکە لە ماوەی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ یانیک کاراسکۆ، ئەستێرەی بەلجیکی و یاریزانی پێشووی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید واژۆکردووە، هەروەها ئیڤان راکیتیچی یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و ئێستای سێڤییا نزیکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ یانەکە.