رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو، راستیی ئەگەری پەیوەندیکردنی رێوان ئەمین، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی عێراق بە یانەی دهۆک ئاشکرا دەکات.
لە ماوەی چەند کاژێرێکی رابردوودا، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی رێوان ئەمین و باوکی لەگەڵ سەرۆکی یانەی دهۆک، دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری چوونی ئەو یاریزانە بۆ یانەکە بڵاوکرایەوە، سەرۆکی یانەی دهۆک بە لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " رۆژی هەینی پەیوەندیم بە رێوان ئەمین و باوکییەوە کرد بۆ ئەوەی یەکدی ببینین و بەیەکەوە چایەک بخۆینەوە، بەڵام هیچ گفتوگۆیەکمان لەبارەی گواستنەوەی ئەو یاریزانە نەکردووە و تەنیا دانیشتنێکی دۆستانەبووە بەیەکەوە ئەنجاماندا."
باوکی رێوان ئەمین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " هیچ راستییەک بۆ ئەو دەنگۆ و هەواڵانە نییە، کە باس لە پەیوەندیکردنی رێوان بە یانەی دهۆکەوە دەکەن، بەڵام ئەگەر بڕیاربدەین رێوان لە خولی عێراق یاریی بکات، بەدڵنیاییەوە دهۆک بژاردەی یەکەم دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیدەکەمەوە کە هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ یانەی دهۆک نەکردووە."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە یەکێک لە دانیشتنە نا فەرمییەکاندا، ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک داوای لە رێوان ئەمین کردووە، پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، بەڵام تەنیا قسە بووە و نەبووەتە فەرمی.
باوکی ئەستێرە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق ئەوەشی بە رووداو گوت " پەیوەندی بە بەڕێوەبەری رێوانەوە دەکات، بۆ ئەوەی دوایین هەڵسەنگاندنەکان لەبارەی داهاتووی رێوانەوە بزانین و پاشان بڕیاربدەین کە یاریزانەکە لە کوێ یاری بکات."
رێوان ئەمین، ناوەڕاستکاری کورد لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق نازناوی جامی کەنداوی 25ـی بردەوە، دوای ئەوەش لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی " ئەگەر لە خولی عێراق یاری بکەم، یانەی دهۆک لە دڵی مندا شوێنی تایبەتی هەیە و خەونی منە رۆژێک لە رۆژان بە درێسی یانەکەوە یاری بکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ