سەرۆکی یانەی زاخۆ بۆ رووداو: بڕیاری وازهێنانم داوە و پاشگەز نابمەوە


رووداو – هەولێر

دوای بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولوەهاب محەممەد، سەرۆکی یانەی زاخۆ لە پۆستی سەرۆکایەتی یانەی زاخۆ سەرۆکی یانەکە بە رووداوی گوت، بڕیاری کۆتایی خۆمداوە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ یانەی زاخۆ بەردەوام نابم.

عەبدولوەهاب محەممەد، سەرۆکی یانەی زاخۆ دوای یاری یانەکەی بەرامبەر یانەی جەوییە کە بەهۆی کشانەوەی یانەکەیان زاخۆ بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە دۆڕاو هەژمارکرا بە رووداوی راگەیاند، ئەو بڕیاری کۆتایی خۆیداوە و چیدیکە وەک سەرۆکی یانەی زاخۆ بەردەوام نابێت، بەڵام دیارنییە کەی بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەکەی رادەگەیێنێت.

سەرۆکی یانەی زاخۆ لەبارەی هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی گوتی، منیش نازانم هۆکارەکان چین، ئەوە چەندینجارە پاڵەپەستووم دەخرێتە سەر بۆ ئەوەی دەستلەکار ەکەم بکێشمەوە، لەبەرئەوەش بڕیاری کۆتایی خۆمداوە و ئەمجارە بەهیچ شێوەیەک پاشگەزنابمەوە و دەستلە پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە دەکێشمەوە، هەموو ئەو هەواڵانەش رەتدەکەمەوە کە باس لەوە دەکەن فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک داوایکردووە دەستلەکارەکەم بکێشمەوە و ئەو ئاگاداری بابەتەکەش نییە، بەڵام بڕیارمداوە هەموو قەرزەکانی سەر یانەکە بدەمەوە ئینجا ماڵئاوایی لە یانەکە بکەم.

لەبارەی گەڕانەوەی بۆ یانەی زاخۆ رۆژێک لە رۆژان، عەبدولوەهاب محەممەد گوتی، هەر رۆژێک زاخۆ پێویستی بە من بێت و هەر کێش سەرۆکی یانەکە بێت دەگەڕێمەوە یاریگەی زاخۆ و بۆ هەموو هاوکارییەکی یانەکە ئامادەم.