ڤیدیۆ؛ وڵاتە عەرەبییەکانی بەشدار لە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی بە کوردستان سەرسامن
رووداو - دیجیتاڵ
رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی عەرەب، لە شارۆچکەی شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد.
لە رۆژی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا، یاریزانان و شاندی هەڵبژاردە بەشدارەکان گەشتێکیان بەنێو دیمەنە دڵڕفێنەکانی شەقڵاوەدا کرد و وێنەی یادگارییان گرت، پاشان چوونە نێو هۆڵی تایبەت بە ئەنجامدانی یارییەکان.
تەلال جەسار، سەرۆکی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی کوێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەڕاشکاوی سوپاسی یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسای عێراق دەکەم، لەو ماوەیەی هاتووین هەولێر و شارۆچکەی شەقڵاوە هیچ کەموکوڕییەکیان نەبووە لە میوانداریمان، ئێمە گوێبیستی میواندارییان بووبوین، بەڵام چاوەڕوانی ئەو گەرموگوڕییە نەبووین، ئەمە مانای رێز وخۆشەویستی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانە."
لە پاڵەوانێتییەکەدا 14 وڵات بەشدارییان کردووە، لەسەرەتای رێورەسمەکەدا چەند نمایشێکی هونەری ئەنجامدران، پاشان شاندی هەڵبژاردە بەشدارەکان بە ئاڵای وڵاتەکانیان چوونە سەر ستەیج و خۆیان بە ئامادەبووان ناساند.
رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە 5 رۆژ بەردەوامدەبن، لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان، لاوان و پێشکەوتووان رکابەری دەکرێت و یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عەرەب سەرپەرشتی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
هەڵبژاردەی بەحرەین یەکێک لە هەڵبژاردە بەشدارەکانە و بە 7 یاریزان بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا کردووە، ئیمان شەکیب پاڵەوانی وڵاتەکەیەتی و لە یەکەم تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتیدا چاوی لە میدالیای زێرە.
ئیمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " سوپاس بۆ خوا ئامادەکاریمان باشە، بەر لە چوار مانگ راهێنانەکانمان لە ناوخۆی بەحرەین دەستپێکرد و بەشێوەیەکی نایاب ئامادەین، پەنابەخوا بەئەنجامێکی باش لە ناو هەولێر ئاڵای وڵاتمان بەرز دەکەینەوە، سوپاسی هەولێر دەکەین بۆ ئەو میواندارییە."
ئەوەی لە پاڵەوانێتییەکەدا بۆ باشووری کوردستان گرنگە، سەرجەم یاریزان و راهێنەرەکانی هەڵبژاردەی خانمانی عێراق لە یاریزانی کورد پێکهاتوون، بەڵام لەسەر ئاستی پیاوان هیچ یاریزانێکی کورد لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا نییە.
جگە لەوەش میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکی بەمشێوەیە، لە رووی وەرزشییەوە کوردستان زیاتر بە وڵاتانی عەرەبی دەناسێنێت و دەباتە قۆناخێکی دیکە و کرانەوەی دەرگایە بەڕووی میوانداریکردنی پاڵەوانێتی زیاتر لەسەر ئاستی یارییە جیاوازەکان.
پێشتر ئەحمەد کازم, سەرۆکی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسای عێراق بە رووداوی گوت " سەبارەت بە یەکێتیی ناوەندی عێراق بەهاوئاهەنگی لەگەڵ یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی هەولێر هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ سەرکەوتنی میواندارییەکە، ئێمە سوپاسی هەوڵ و هاوکارییەکانی پارێزگاری هەولێر دەکەین بۆ ئەوەی هەموو پاڵپشتیەکیان کردین لە میوانداریکردنی پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی، ئێمە دەمانەوێت هەموو وڵاتە عەرەبیەکان وێنەی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان ببینن."
-وارڤین کۆسرەت، یاریزانێکی کوردی هەڵبژاردەی عێراقە، ئەو دەڵێت " ئامادەکارییەکی باشمانکردووە، بۆ پاڵەوانێتییەکە و دەمانەوێت ئەنجامێکی باش لە پاڵەوانێتییەکەدا بەدەستبهێنین و لە رکابەرەکانمان باشتربین."
محەممەد کارێزی پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، بڕیاربوو 16 وڵات بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا بکەن، بەڵام هەڵبژاردەی مەغریب بەهۆی رێکارەکانی وڵاتەکەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەیتوانی گەشتەکەی ئەنجامبدات، بۆیە داوای لێبوردنی لە یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق و عەرەبی کرد."
هەڵبژاردەی میسر بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی روونکرابێتەوە کشانەوەی لە پاڵەوانێتییەکەدا راگەیاند.
رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی، سێیەمجارە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەڵام یەکەمجارە بەمشێوەیە فراوانە یاریزانان تێیدا بەشداردەبن کە زیاتر لە 200 یاریزان رکابەریی تێدا دەکەن.
پەیامنێری رووداو زیاتر گوتی " بەشێکی وڵاتە عەرەبییەکان سەرەتا ئامادەنەبوون بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەن، بەڵام کاتێک زانیان یارییەکان لە باشووری کوردستان دەکرێن رەزامەندیان پێشاندا بۆ یارییکردن لە پاڵەوانێتییەکەدا."
ئەمڕۆ کاژێر 12:00 سەرجەم یاریزانەکان پرۆسەی کێشکردنیان بۆ دەکرێت، دواتر لە کاژێر 14:00 رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکات.