هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌ممه‌د: خزمه‌تى كوردستان بكه‌ین باشتره‌ له‌ به‌غداد



كارزان كانه‌بی
تایبه‌ت به‌ رووداوی وه‌رزشی

هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌ممه‌د، یاریزانى یانه‌ى جه‌وییه‌ى عێراقى به‌ (رووداوى وه‌رزشی) راگه‌یاند "ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ریزه‌كانى یانه‌ى هه‌ولێر و خزمه‌تى خۆمان بكه‌ین باشتره‌ له‌وه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى كوردستان یارى بكه‌ین".

هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌ممه‌د، یاریزانى پێشووى یانه‌ى هه‌ولێر، كه‌ ماوه‌ى 2 وه‌رزه‌ ریزى یانه‌ى وه‌رزشیى هه‌ولێرى جێهێشتووه‌، به‌هۆى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى رووى له‌ یانه‌ى هه‌ولێر كردبوو، ئه‌و بۆ ماوه‌ى دوو ساڵه‌ له‌ ریزى هه‌ریه‌ك له‌ یانه‌كانى نه‌فتى وه‌ست و جه‌ویه‌ یارى ده‌كات، ئێستاش به‌نیازه‌ له‌ قۆناخى دووه‌مى خوله‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ریزى یانه‌ى هه‌ولێر.

وه‌ك هه‌ڵگورد، به‌ (رووداوی وه‌رزشی) راگه‌یاند هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند یانه‌یه‌ك به‌نیازى ئه‌وه‌ن بیبه‌نه‌ ریزى تیپه‌كانیان، به‌ڵام ئه‌و كوردستان به‌باشتر ده‌زانێت و له‌و باره‌وه‌ گوتی "په‌نا به‌خواى گه‌وره‌ له‌ قۆناخى دووه‌مى خولى نایابى یانه‌كانى عێراقى ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ریزى یانه‌ى هه‌ولێر و به‌ درێسى یانه‌كه‌وه‌ یارى ده‌كه‌م".

له‌باره‌ى هۆكارى هاتنه‌وه‌ى بۆ هه‌ولێر، هه‌ڵگورد گوتی "ئێستا زۆر بێزارم، ماوه‌ى 18 مانگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كوردستانم، هه‌ست به‌ بێزارى ده‌كه‌م به‌تایبه‌تى كه‌ دوورم له‌ ماڵ و منداڵ و خانه‌واده‌كه‌م". هه‌روه‌ها گوتیشى "كوردستان بۆ من زۆر خۆشتره‌ له‌ شارى به‌غداد، هه‌رچه‌نده‌ هیچ گرفتێكم نییه‌ له‌وێ، به‌ڵام ئاسوده‌ نیم و ده‌مه‌وێ به‌ زووترین كات كاره‌كانم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ ته‌واو بكه‌م، هه‌رچه‌نده‌ من له‌گه‌ڵ یانه‌ى جه‌ویه‌ رێككه‌وتووم بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستبه‌رداربوونم پێبده‌ن".

هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌ممه‌د، باسی ئه‌وه‌ی بۆ (رووداوی وه‌رزشی) كرد كه‌ چه‌ندین یانه‌ خوازیارن گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ بكه‌ن و گوتى "له‌لایه‌ن چه‌ندین گه‌وره‌ یانه‌ی عێراقه‌وه‌ گرێبه‌ستم پێشكه‌شكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یارییان بۆ بكه‌م، له‌وانه‌ش زه‌ورا و به‌غداد، به‌ڵام وه‌ڵامی كه‌سیانم نه‌داوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ چیدی ناتوانم دوور له‌ خانه‌واده‌كه‌م یاری بكه‌م، وه‌ك كوڕه‌ كوردێك ده‌مه‌وێ خزمه‌ت به‌ یانه‌ى وه‌رزشیى هه‌ولێر و تۆپی پێی كوردستان بكه‌م، خزمه‌تی خۆمان بكه‌ین باشتره‌ له‌وه‌ی بچین له‌ ده‌ره‌وه‌ یاری بكه‌ین". 

هه‌روه‌ها هه‌ڵگورد له‌باره‌ی جێهێشتنی ریزه‌كانی یانه‌ى هه‌ولێر، به‌ر له‌ 2 ساڵ، گوتی "كاتى خۆى به‌ناچارى یانه‌ى هه‌ولێرم جێهێشت، ئه‌گه‌رنا بۆ ماوه‌ى 2 ساڵیش به‌بێ به‌رامبه‌ر یاریم بۆ یانه‌ى هه‌ولێر كردووه‌".

ئه‌و یاریزانه‌ كورده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، كه‌ پێشتر یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانیی عێراق بوو، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ لاى ئه‌و هیچ شتێك گرنگ نییه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و خزمه‌تی وه‌رزش و تۆپی پێی كوردستان بكات "ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌و ئه‌وه‌ی له‌ توانامدایه‌ پێشكه‌شی وه‌رزشى كوردستان و یانه‌ى هه‌ولێرى بكه‌م، بۆ من كوردستان له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ گرفتێكم له‌گه‌ڵ یانه‌ى جه‌ویه‌ نه‌بووه‌، به‌ رێككه‌وتنى هه‌ردوولا وازم لێ هێناوه‌".