بەمووچەی رۆناڵدۆ، سعودییەکان یانەیەکی سێری ئا دەکڕنەوە


رووداو دیجیتاڵ

سندووقی وەبەرهێنانی سعودی، بەهەمان ئەو پارەیەی لە ماوەی دوو ساڵدا وەک مووچە دەیداتە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یانەیەکی پلە یەکی ئیتاڵیا دەکڕێتەوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، سندووقی وەبەرهێنانی سعودی، کە پێشتر هەوڵی کڕینەوەی چەندین یانەی ئیتاڵیای داوە، ئێستا نزیکە لە بەدەستهێنانی موڵکایەتیی یانەیەکی ئەو خولە بەرامبەر بڕێک پارەی کەم.
 
رۆژنامەی 'کۆرێری دێلۆ سپۆرت'ی ئیتاڵی دەڵێ، سندووقە سعودیەکە پلانی داناوە بۆ کڕینەوەی یانەی تۆرینۆی پاش یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی کە لە ساڵانی رابردوودا موڵکایەتییەکەی بەدەستهێناوە.
 
پێشتر سەرچاوەکان باسیان لە نزیکیی رێکەوتنی سندووقە سعودییەکە و یانەی رۆما کردبوو، بەڵام پێدەچێ ئاراستەی سعودییەکان ئێستا بەرەو یانەی تۆرینۆ بێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئامانجی سعودییەکان یانەی تۆرینۆی دووەم گەورەترین یانەی شاری تۆرینۆیە لە دوای یوڤێنتوسەوە، لە کاتێکدا ئەو یانەیە بەدەست کێشەی ئەنجامەکانەوە لە سێری ئا دەناڵێنێت و ئەوەش بووەتە هۆکاری تووڕەبوونی هاندەرانی یانەکە بەرامبەر کارگێڕیی و ئۆربانو کایرۆی خاوەنی.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، یانەکە هێشتا نەخراوەتە روو بۆ فرۆشتن، بەڵام سعودییەکان بایەخی زۆر بەکڕینی دەدەن، بەتایبەت کە نرخەکەی وەکئەوەی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، تەنیا 250 ملیۆن یۆرۆیە، لە کاتێکدا خاوەنەکەی ئامادەیە بە 200 ملیۆن یۆرۆ بیفرۆشێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو پارەیەی بۆ کڕینەوەی یانەکە پێویستە هاوتایە لەگەڵ ئەو مووچەیەی کە سعودییەکان لە ماوەی دوو ساڵدا داویانە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە 200 ملیۆن یۆرۆیە.