لویس ئینریکێ: نەهاتووم وەک راهێنەرەکانی پێشخۆم لە سانجێرمان کات بەسەر ببەم
رووداو دیجیتاڵ
لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، راهێنەرانی پێشخۆی لە مەشقدانی یانە پاریسییەکە بەوە تاوانبارکرد کە کاتیان بەسەربردووە.
ئینریکێ، دوێنێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان دووچاری سێیەم دۆڕان لە وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ بوو، کاتێک لە نێو ئالیانز ئارێنا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر بە بایرن میونشنی ئەڵمانی دۆڕا.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دوای یارییەکە، ئینریکێ گوتی، "شانازم بەوەی راهێنەرم و ئەو گوشارانە خۆم لەسەر خۆمیان دروستدەکەم، زۆر زیاترن لەوەی هەر کەسێک لەسەرمی دروست بکات".
راهێنەری سانجێرمان، کاری راهێنەرانی پێشخۆی لە مەشقدانی سانجێرمان کەمکردەوە، کاتێک گوتی، "نەهاتوومەتە ئێرە بۆ کات بەسەربردن، وەکئەوەی راهێنەرانی پێش من کردوویانە، من هاتووم بۆ ئەوەی نازناوەکانی ئێستا و داهاتوو ببەمەوە، هەروەها زانیاری بەسوود کۆدەکەمەوە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەبێ لە هەر یارییەک وانەی نوێ فێرببم. زانیاری بەسوود وەربگرم بۆئەوەی لە داهاتوودا بەهێزترببین. میدیاکان چاویان لەسەرئەوەیە کە ئێمە سێ یاریمان دۆڕاندووە، لە کاتێکدا من بیر لەوە دەکەمەوە، سێ یاریی داهاتوومان چۆن ببەینەوە و بگەینە قۆناخی داهاتوو".
سانجێرمان لە پێنج یاریی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا، سێ شکست، یەک یەکسانبوون و یەک بردنەوەی هەیە. تەنیا چوار خاڵی کۆکردووەتەوە.
ئینریکێ، رەتیکردەوە قسە لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانی یاریی نێوان یانەکەی و بایرن میونشنی ئەڵمانی بکات، گوتی، "لەوکاتەوەی راهێنەرم، زۆر لەبارەی بڕیاری ناوبژیوانانەوە قسە ناکەم، بەڵام دەکرێ بڵێم من بێئومێدم زۆر زیاتر لەوەی کە تەنیا تووڕەبم".
ئینریکێ، لە یارییەکەی بایرن میونشندا، گۆڵپارێزی سێیەمی تیپەکەی کە ئارناو تیناسە تاقیکردەوە، پاشئەوەی دۆنارۆمای لە پێکهاتەی تیپەکە دوورخستەوە و نەیتوانی متمانە بە ماتڤی ساڤونۆڤ بکات. ئینریكێ لەبارەی ئەوەوە گوتی، "ئامانجم ئەوەیە هەموو یاریزانان ئامادەبن".
لویس ئینریکێ، هەروەها گوتی، "شكستەکان شەرمهێنن، بەڵام زانیاریی زیاترم لەبارەی هەمووانەوە پێدەبەخشێت و ئاماژە بەوە دەدات لە داهاتوودا ئاراستەی کارکردنمان چۆن دەبێت".
سانجێرمان لە گەڕەکانی داهاتووی چامپیۆنزلیگدا، بەرامبەر یانەکانی رێدبوڵ سالزبۆرگ، مانچێستەر سیتی و شتوتگاری یارییدەکات.