به‌فه‌رمی..ئه‌ڵمانیا مافی میوانداریی یۆرۆی 2024 ی برده‌وه‌


رووداو – هه‌ولێر

كه‌مێك پێش ئێستا له‌ باره‌گه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا "یوێفا" له‌ شاری نیۆن له‌ سویسرا، مافی میوانداریكردنی یۆرۆی 2024 به‌ ئه‌ڵمانیا به‌خشرا.

ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ توركیا له‌ ركابه‌رییه‌كی به‌هێزدابوو بۆ میوانداریكردنی یۆرۆی 2024، دوای نمایشكردنی دۆسیه‌ی هه‌ردوو وڵات، دواتر به‌ ده‌نگدانی نوێنه‌رانی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ فیدراسیۆنی ئه‌وروپا، ئه‌ڵمانیا مافی میواندارییه‌كه‌ی برده‌وه‌.

یۆرۆی 2024 به‌ به‌شداریی 24 هه‌ڵبژارده‌ ده‌بێت، كه‌ به‌سه‌ر 6 كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌شده‌كرێن و یه‌كه‌م و دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كان بۆ قۆناخی دووه‌م سه‌رده‌كه‌ون له‌گه‌ڵ 4 باشترین ئه‌و تیپانه‌ی پله‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌كان به‌ده‌ستده‌هێنن.

توركیا جاری پێنجه‌مه‌ هه‌وڵی میوانداریكردنی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی یۆرۆ ده‌دات، به‌ڵام له‌ هه‌موو جاره‌كاندا شكستیهێناوه‌.