بارسا چاودێری یاریزانێکی بایرن میونشن دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

کینگسڵی کۆمان، ئەستێرەی بایرن میونشن، بڕیاری جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی داوە و لەلایەن چەند یانەیەکی گەورەوە چاودێری دەکرێت.
 
چەند سەرچاوەیەک ئەوەیان خستەڕوو کە کۆمان، ئەستێرەی فەرەنسی بڕیاریداوە ریزەکانی بایرن میونشن بەجێبهێڵیت و پێش داخستنی دەرگای گواستنەوەکان، یانەیەکی نوێ بدۆزێتەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە ئەو یاریزانە لە یەکەم یاریدا لەگەڵ یانە باڤارییەکە بەشێوەیەکی سەرەکی یاری پێنەکرا، ڤینسینت کۆمپانی راهێنەری یانەکە لە خولەکی 75 ئەو یاریزانەی بردە نێو یاریگەوە.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، پسپڕی بەنێوبانگی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، رایگەیاند کە ئەو یاریزانە لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە چاودێری دەکرێت، بەڵام هیچ هەوڵێکی کردەیی نەبووە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە، بەڵام یانەی هیلالی سعودی دەستەوارەیەکی زۆر گەورەی پێشکێشی یانەی بایرن میونشن و کۆمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
رۆمانۆ زیاتر دەڵێت "دەستەوارەکەی هیلال گەیشتووەتە بایرن و ئەوان ئامادەن رەزامەندی لەسەر گواستنەوەکەی بدەن، ئەوەی ماوەتەوە لەسەر رەزامەندی یاریزانەکەیە، ئایا دەیەوێت بڕواتە سعودیە یان بیر لە یاریکردن بۆ بارسا یان یانەکانی پرێمەرلیگ دەکاتەوە".
 
جگە لە دەستەوارەکەی یانەی هیلال، چەند سەرچاوەیەکی ئینگلیزی ئەوەیان دەرخست کە چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ هەوڵی گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەدەن، بێ ئاشکراکردنی ناوی ئەو یانانە.
 
کینگسلی کۆمان، تەمەنی 28 ساڵە و ئەو یاریزانە 11 جار خولی نێوخۆیی بەدەستهێناوە لە سێ وڵاتی جیاوازادا، نزیکەی نۆ ساڵە لە ریزەکانی بایرن  میونشنی ئەڵمانی یاریدەکات و ئێستا بابەتی گواستنەوەی بۆ یانەیەکی نوێ بووەتە گرنگترین باسی میدیا جیهانییەکان.