ئەو خولانەی زۆرترین پارەیان لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا خەرجکردووە
رووداو دیجیتاڵ
خولی نایابی ئینگلیزی، لە پێشەنگی لیستی پێنج خولە گەورەکانی ئەوروپادایە، لە رووی ئەنجامدانی زۆرترین خەرجی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، کە لە 31ـی ئەم مانگەدا دەرگای مێرکاتۆ دادەخرێت.
سەرەڕای دابەزینی خەرجییەکان بەبەراورد بە وەرزی رابردوو، پرێمەرلیگ پلەی یەکەمی لەنێوان چوار خولەکەی دیکەدا پاراستووە، کە بریتین لە ئیسپانی، ئەڵمانی، ئیتاڵی و فەرەنسی.
بەهای خەرجییەکانی یانەکانی ئینگلتەرا لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا گەیشتووەتە یەک ملیار و 88 ملیۆن یۆرۆ، کە بەبەراورد بە خەرجییەکانی هاوینی رابردوو لەم کاتەدا، بە رێژەی 14% دابەزیوە.
لە هەمان قۆناخی گواستنەوەی هاوینەی ساڵی رابردوودا، 20 یانە لە خولی نایابی ئینگلیزی بڕی 2.16 ملیار یۆرۆیان خەرج کردبوو بۆ گواستنەوەی یاریزانی نوێ.
یانەکانی ئینگلتەرا لە ئێستاوە تاوەکو کۆتایی مێرکاتۆی ئێستا دەبێت رۆژانە 111 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ خەرجییەکانی هاوینی رابردوودا هاوتا ببێتەوە.
یانە ئینگلیزییەکان لەم هاوینەدا هەمان ژمارەی گرێبەستیان کردووە کە یانەکانی لالیگا کردوویانە و هەر یەکێکیان تاوەکو ئێستا 105 گرێبەستی کردووە، کەمتر لە خولی ئیتاڵیا کە 115 گرێبەستی کردووە. هەروەها کەمتر لە بوندێسلیگا کە 135 گرێبەستی کردووە، بەڵام زیاتر لە یانە فەرەنسییەکان کە 78 گرێبەستیان کردووە.
دۆمینیک سۆلانکی، کە لە بۆرنمۆسەوە رووی لە تۆتێنهام کرد، ئەم هاوینە گرانترین یاریزانی پرێمەرلیگە، چونکە بەهای گواستنەوەکانی گەیشتە 76.8 ملیۆن یۆرۆ.
سەرەڕای دابەزینی خەرجییەکان لە پرێمەرلیگ، جیاوازییەکە بەبەراورد لەگەڵ خولە گەورەکانی دیکەی ئەورووپا بە گەورەیی ماوەتەوە، بەو پێیەی قەبارەی خەرجییەکان لەو خولانەدا بەم شێوەیە بووە:
پرێمەرلیگ: یەک ملیار و 88 ملیۆن یۆرۆ
سێری ئا: 729 ملیۆن یۆرۆ
لیگ وەن: 625 ملیۆن یۆرۆ
بوندێسلیگا: 545.9 ملیۆن یۆرۆ
لالیگا: 513 ملیۆن یۆرۆ
دوای ئەوەی یانەی چێڵسی لە هاوینی 2022ـدا زیاتر لە 293 ملیۆن یۆرۆ و لە 2023ـدا زیاتر لە 464.4 ملیۆن یۆرۆی خەرجکرد، یانەی بلوز لە هاوینی ساڵی 2024 بەردەوام بوو لە خەرجکردنی پارەی زۆر، کە تاوەکو ئێستا 241 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە.