هەردی سیامەند بۆ رووداو: بەداخەوە کارگێڕیی یانەی هەولێر رێزیان لێنەگرتم

رووداو دیجیتاڵ

 

هەردی سیامەند، یاریزانی ناسراوی شاری هەولێر، کە چەندین ساڵ خزمەتی یانەی هەولێری کردووە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند کە گلەیی لە کارگێڕیی یانەکە هەیە، چونکە هەموو ئەوەی چەند ساڵێکە بۆ یانەی شارەکەی کردووە لەبەرچاو نەگیراوە و هیچ حسابێکیان بۆ نەکردووە.
 
هەردی سیامەند، کە برای سەڵاحەدین سیامەندی یاریزانی نێودەوڵەتیی پێشووی یانەی هەولێرە، دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر، لەلایەن ئەو یانەیەوە هیچ قسەیەکی لەبارەی نوێکردنەوە یان نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵدا نەکراوە، ئەوەش هەردی نیگەران کردووە، چونکە وەک خۆی بە رووداوی گوت "دوای ئەو هەموو ساڵەی خزمەتکردن، کەسێک نەهات لە دەرگەم بدات، هەر پێمبڵێن کاکە گرێبەستەکەت نوێ ناکەینەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "من چەندینجار گرێبەستی باشم لە شوێنی دیکەوە بۆ هاتووە، هەموویانم لەبەر خاتری یانەکەم و شارەکەم رەتکردووەتەوە، کە بەدڵنیاییەوە پەشیمان نیم لەو هەڵوێستەم، بەڵام شتێکیش هەیە پێیدەڵێن رێز، بەداخەوە رێزیان لێنەگرتم".
 
ئەو یاریزانەی پێشووی یانەی هەولێر، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، گوتی "هەموو چیرۆکێک کۆتایی هەیە، بێگومان من تەمەنم گەورە بووە و ئاستم وەک تەمەنی 27 ساڵی باش نابێت، ئاساییە بڵێن گرێبەستت بۆ نوێ ناکەینەوە، بەڵام دەبووایە بەشێوەیەکی جوانتر بەرێیان کردبام".
 
لەبارەی ئەوەی کە داواکارییەکی کارگێڕیی یانەی هەولێری رەتکردووەتەوە، کە ویستوویانە رێزی لێبگرن؟ هەردی سیامەند، گوتی "کام رێزلێنان؟ ئەوان منیان هەر لەبیر نەبووە، دوای ئەوەی هاندەرانی یانەی هەولێر، کە سوپاسگوزاریانم، داوایان لە من کرد کە دەیانەوێت رێزم لێبگرن، ئینجا ئەوان لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە نامەیەکیان بۆ ناردووم، کە رۆژی ئەوەندە، کاژێر ئەوەندە ئامادەبە، بۆ ئەوەی رێزلێنانت بۆ ئەنجام بدەین، بەڵام من چۆن ئەوە قبوڵ دەکەم! کە لەژێر گوشاری هاندەران بووە".
 
تۆڕی میدیایی رووداو بەپێویستی زانی لەو بارەیەوە بۆچوونی یانەی هەولێریش وەربگرێت و رێبوار جەباری، جێگری سەرۆکی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە رووداوی گوت "بارزان شێرزاد و هەردی سیامەند، دوو یاریزانی گرنگ و گەورەی شاری هەولێرن، ساڵانێکی زۆر خزمەتی یانەکەمانیان کردووە، بۆیە ئێمە زۆر بە بایەخەوە سەیریان دەکەین، و هەفتەی داهاتوو لەنێو بارەگای یانەی هەولێر رێوڕەسمێکی رێزلێنانیان بۆ ئەنجام دەدەین".
 
هەردی سیامەند، گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی ناسرییە کردووە و وەرزی داهاتوو بۆ ئەو یانە عێراقییە یاری دەکات، کە یەکێکە لە یانە بەشداربووەکانی خولی نایابی عێراق.