سعودیە 1 ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس خەرج دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دەستەوارەیەکی مێژوویی لە سعودیە بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی رەتکردەوە و نایەوێت دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.
 
لە پێشهاتێکی نوێدا، سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، دەستەوارەیەکی بە 500 ملیۆن یۆرۆی پێشکێشی یانەی ریال مەدرید کردووە، بۆ ئەوەی دەستبەرداری ڤینیسیۆس جونیۆر ببێت و ئەو یاریزانە رووبکاتە یانەی ئەهلی.
 
سندووقی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە، جگە لەو 500 ملیۆن یۆرۆیە، ئامادەیە مووچەیەکی بەرز و مێژوویی بداتە یاریزانە بەرازیلییەکە و لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا، مووچەکەی دەبێتە 1 ملیار یۆرۆ، بەمەش سعودیە ئامادەیە 1.5 ملیار یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە خەرج بکات، بەڵام ریال مەدرید رازی نییە ئەو یاریزانە بڕوات.
 
گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 1 ملیار یۆرۆیە و یانەی شاهانە ئامادەنییە بە کەمتر لەو پارەیە دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە هێشتا هیچ شتێکی لەبارەی ئەو گرێبەستەوە نەگوتووە، ئەمڕۆ کاتێک چووە مەشق و راهێنانەکان، رۆژنامەڤانێک ویستی پرسیار لەبارەی دەستەوارەکەی سعودیە بکات، بەڵام ڤینی نەوەستا و وەڵامی پرسیارەکەی نەدایەوە.
 
سعودیە ئامانجی ئەوەیە زۆرترین ئەستێرەی بەنێوبانگ لەسەر ئاستی جیهان بباتە وڵاتەکەی بۆ ئەوەی پاڵپشتی پڕۆژەی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 و پێشخستنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە بکەن.