مۆرینیۆ: پاولۆ دیبالا منداڵە

رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆمای ئیتاڵی، دانی بەوەدا نا کە ئەمشەو بەرامبەر تیپێکی گەورە یاریی دەکات، سەبارەت بە پاولۆ دیبالای ئەستێرەی ئەرجەنتینیش، گوتی "پاولۆ دیبالا لە منداڵ دەچێت، بەڵام منداڵێکی شیرەخۆر نا".
 
ئەمشەو کاژێر 19:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی یوڤێنتوس لە یاریی لووتکەی گەڕی سێیەمی سێریا ئەیدا، لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی رۆما دەکات.
 
جۆزێ مۆرینیۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "یارییەکی گەورەیە بەرامبەر تیپێکی گەورە. بەرامبەر تیپێک کە بە دڵنیاییەوە دەیەوێت سکودێتۆ بباتەوە، بەڵام تەنیا یارییەکە لە 38 یاری. بۆ من کە لە تۆرینۆ یاری دەکەم یان یاری 37 بکەم، رێک وەکیەکە".
 
سەبارەت بە تیروپشکی یۆرۆپالیگ، پرسیاریان لە مۆرینیۆ کرد، ئەویش لە وەڵامدا گوتی "بە دڵنیاییەوە پێشبڕکێیەکی سەختە. هەندێک تیپ پابەندن و دەبێت ببەنەوە، ئەگەر سەرکەوتن بەدەست نەهێنن کارەسات دەبێت بۆ ئەو تیپانەی توانای دارایی و وەرزشی و مێژوویی زۆریان هەیە. ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین. بێگومان بەڕای من کۆمەڵەکەمان زۆر ئاسانە".
 
مۆرینیۆ دەربارەی دیبالاش، گوتی "پاولۆ دیبالا لە منداڵ دەچێت، بەڵام منداڵێکی شیرەخۆر، ئەو خاوەن ئەزموونێکی گەورەیە. ئێمە باس لەوە دەکەین کە چۆن دەمانەوێت یاری بکەین، باس لەوە دەکەین کە چاوەڕێی چی لێدەکەین وەک ئەندامێک لە تیپەکەمان، بەڵام سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکانی، ئەوە بەندە بەخۆیەوە".