ڤیدیۆ؛ چاوەڕواننەکراوترین میدالیای زێڕ لە ئۆڵیمپیاددا


رووداو دیجیتاڵ

ئۆڵیمپیادی 2020ـی تۆکیۆ چاوەڕواننەکراوترین ئەنجامی بەخۆیەوە بینی، کاتێک یەکێک لە بچووکترین دوورگەکانی جیهان وەک پاڵەوان و خاوەنی میدالیای زێڕ لە رکابەرییەکاندا دەرکەوت.

لە رکابەرییەکانی یارییە سیانییەکاندا (ترایسلۆن)، لەسەر ئاستی خانمان فلۆرا دەفی، خانمە وەرزشوانی دوورگەی بەرمودای بەریتانیا سەرنجڕاکێشترین و چاوەڕواننەکراوترین ئەنجامی تۆمارکرد و میدالیای زێڕی بردەوە کە یەکەم میدالیای زێڕی ئەو دوورگەیەیە لە مێژووی ئۆڵیمپیاددا.

دەفی ماوەی رکابەرییەکەی بە کاژێرێک و 55 خولەک و 36 چرکە تەواوکرد، بەمەش وەک یەکەم وەرزشوانی دوورگەی بەرمودە و خاوەنی میدالیای زێڕ ناوی چووە نێو مێژووی ئۆڵیمپیاد.

تایلۆر براونی بەریتانی پلەی دووەم و میدالیای زیوی بردەوە، دوای ئەوەی بە کاژێرێک و 56 خولەک و 50 چرکە ماوەی رکابەرییەکەی تەواوکرد.

میدالیای برۆنز و پلەی سێیەم بووە بەشی خانمە وەرزشوانی ئەمریکی کاتی زافێرس کە ئەمیان بە کاژێرێک و 57 خولەک 0.3 چرکە گەیشتە خاڵی کۆتایی رکابەرییەکە.

دوورگەی بەرمودا لە ساڵی 1612 دروستبووە و یەکێک لە هەرێمە ئاوییەکانی بەریتانیا لە باکووری زەریای ئەتڵەسی.

رووبەری دوورگەی بەرمودا تەنیا 53 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە دوایین سەرژمێریدا کە لە 2013 بۆ ئەو دوورگەیە کراوە، ژمارەی دانیشتوانی 65024 کەس دەبێت.