ئەیاکس جامی سوپەری هۆڵەندای بردەوە

رووداو - هەولێر

یانەی ئەیاکس لە یانەی ئایندهۆڤنی بردەوە و دوای شەش ساڵ نازناوی جامی سوپەری هۆڵەندای بەدەستهێناوە.

لە جامی هۆڵەندا، کە جامی قەڵغانی یۆهان کرۆیفیشی پێدەڵێن، هەردوو یانەی ئەیاکس و ئایندهۆڤن بەرامبەر یەکدی یارییان کرد و ئەیاکس یارییەکەی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە و بووە پاڵەوان.

لە گێمی یەکەمدا و هێشتا یارییەکە نەگەیشتبووە خولەکێک، کاسپەر دولبێرگ گۆڵی یەکەمی بۆ ئەیاکس تۆمارکرد.

لە گێمی دووەمیشدا و لە خولەکی 53دا و لە گۆڵێکی گوماناویدا دالی بلێند گۆڵی دووەمی بۆ ئەیاکس تۆمارکرد و یانەکەی بۆ جاری نۆیەم لە مێژوودا کردە پاڵەوانی جامی سوپەری هۆڵەندا.