لە خەونی وێنەگرتن لەگەڵ رۆناڵدۆ بۆ بردنەوە لێی و گەیشتن بە قۆناخی 16ـی یۆرۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی جۆرجیا، لە یەکەم بەشداریکردنیدا لە رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا مێژوویەکی گەورە و لەبیرنەکراوی تۆمارکرد، بەبردنەوە لە پۆرتوگال خۆی گەیاندە قۆناخی 16ـی رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024.
 
جۆرجیا بردنەوەیەکی تۆمارکرد، هەرگیز بردنەوەیەکی ئەو هەڵبژاردەیە هێندەی ئەم بردنەوەیە گرنگ و گەورە نەبووە، ئەوان پێشتر نە بەشدارییان لە یۆرۆدا کردبوو و نە یارییەکی پاڵەوانێتییەکیان بەخۆیانەوە بینیبوو، بەڵام ئێستا وەکو هەژەندێکی گەورە لە قۆناخی داهاتوون.
 
هەڵبژاردەی جۆرجیا کاتێک رووبەڕووی پۆرتوگال بووەوە، لە پلەی کۆتایی ریزبەندی کۆمەڵەی شەشەم بوو و تەنیا خاوەنی یەک خاڵ بوو، ئەوان دەبووایە بەرامبەر تیپێک یاری بکەن، دوو یاریی یەکەمی بردووەتەوە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە، تیپەکە یەکێکە لە بەربژێرەکان و خاوەنی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.
 
جۆرجییەکان لە قۆناخی پاڵاوتنەکاندا بە لە دوایین ساتەکان لە پاشکۆدا بەرامبەر یۆنان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ئەوە یەکەم ساتی مێژوویی هەڵبژاردەکە بوو و ئەوان لە تبلیسییەوە پەیامی بەشداریکردنی خۆیان لە یۆرۆدا گەیاندە بەرلین.
 
کێ سوارچاکی خەونەکانی جۆرجیایە؟
 
ئەوەی لە پشت سەرکەوتنەکانی جۆرجیا و بردنەوە لە پۆرتوگالە، ئەستێرەیەکی پێشووی تۆپی پێی فەرەنسا و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییە، ئەو ویلی سانیۆلە.
 
سانیۆل تەمەنی 47 ساڵە، لە 15-2-2021 بووەتە راهێنەری هەڵبژاردەی جۆرجیا، ئەو پێشتر وەکو راهێنەر کاری نەکردووە، بەڵام لە بایرن میونشن یاریدەدەری راهێنەر بووە، ئەزموونی نوێی ویلی لەگەڵ جۆرجیا ئەزموونێکی نوێی تاقیکردەوە و بە نووسینەوەی مێژوو چووە نێو دونیای راهێنەرایەتی.
 
بەرگریکاری پێشووی فەرەنسا و راهێنەری ئێستای جۆرجیا، لە کاروانی راهێنەرایەتیکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەکە 37 یاریی ئەنجامداوە، 18 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 6 یارییدا یەکسانبووە و 13 یاریی دۆڕاندووە.
 
ئێستا ویلی سانیۆل 1228 رۆژە راهێنەری جۆرجیایە و گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەمساڵ  لەگەڵ هەڵبژاردەکە کۆتاییدێت.

 
ئەو رۆژە رۆناڵدۆ لە جۆرجیا بوو
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگال و کاپتنی ئەو هەڵبژاردەیە، ساڵی 2013 بۆ کردنەوەی ئەکادیمیای یانەی دینامۆ تبلیسی، کە یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی ئەو وڵاتەیە چووە جۆرجیا، ژمارەیەکی زۆری لاو لەو وڵاتەدا هەموو خەونێکیان ئەوەبوو لە نزیکەوە چاویان بەو ئەستێرەیە گەورەیەی تۆپی پێ بکەوێت.
 
تازەپێگەیشتووەکان دەوری رۆناڵدۆیان دا و وێنەی یادگاریی لەگەڵ گرتن، ئێستا 10 لەو لاوانەی ئەو رۆژە رۆناڵدۆیان لە نزیکەوە بینی، یاریزانی سەرەکی پێکهاتەی هەڵبژاردەی جۆرجیان.
 
دیارترین لەو یاریزانە لاوانە، خڤیچا کڤاراتسخێلیا، ئەستێرەی یانەی ناپۆلییە، کە لە یارییەکەی بەرامبەر پۆرتوگال، گۆڵێکی تۆمارکرد، بووە باشترین یاریزانی یارییەکە و دوای یارییەکەش درێسی کریستیانۆی بەدەستهێنا.

 
جۆرجیا ئەمجارە ئیسپانیا تاقیدەکاتەوە
 
هەڵبژاردەی جۆرجیا، دوای سەرکەوتنی بۆ قۆناخی شازدەی یۆرۆی 2024، بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی دیکەی بەهێز یاری دەکات، ئەویش ئیسپانیایە.
 
ئیسپانیا تاکە هەڵبژاردەبوو لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، هەرسێ یارییەکەی بردەوە و بە 9 خاڵ وەکو یەکەمی کۆمەڵەی دووەم گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
 
لارۆخا خاوەنی دوو نازناوی یۆرۆیە و یەکێکە لە بەربژێرە هەرە دیارەکان بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە.
 
خڤیچا کڤاراتسخێلیا دەڵێت "ئێمە ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڵبژاردەیەک."

 
گۆڵکاری یۆرۆ جۆرجییە!
 
لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، ئەستێرەیەکی دیکەی جۆرجیا لە پاڵ خڤیچا دەرکەوت، ئەویش جۆرجێس میکاوتادزێیە.
 
میکاوتادزێ لەم قۆناخەدا توانیی بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ و دروستکردنی گۆڵێکی دیکە هاوکاریی هەڵبژاردەکەی بکات لە نووسینەوەی ئەم مێژووە گەورەیە.
 
میکا لە هەرسێ یارییەکەدا بەشێوەی سەرەکی یارییکردووە، تەمەنی 23 ساڵە و یاریزانی یانەی مێتزی فەرەنسییە.
 
گۆڵکاری قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆ دەڵێت "بردنەوەمان لە پۆرتوگال مێژوویی بوو، ئێستا ئامادەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئیسپانیا ببینەوە و دەمانەوێت بگەینە قۆناخی هەشت."