ڤیدیۆ؛ کاپتنەکانی لیڤەرکوزن لەنێو دەرگای فڕۆکەکەوە 2 جامە مێژووییەکەیان نمایشکرد

رووداو دیجیتاڵ

 

فڕۆکەی یاریزانانی بایرلیڤەرکوزن لە فڕۆکەخانەی کۆڵن نیشتەوە و ئیدی کاپتنەکانی تیپەکە، دوو نازناوە مێژووییەکەیان لە نێو دەرگای فڕۆکەکەوە بۆ هاندەران نمایشکرد.
 
هەر لە فڕۆکەخانە وێنەی یادگاری لەگەڵ قەڵخانی خول و جامی ئەڵمانیادا گیران و ئاهەنگگێڕان دەستیپێکرد.
 
یاریزانانی یانەکە لەسەرپشتی پاسێکی سەرکراوەوە بەرەو شارەکەی خۆیان بەڕێکەوتن و رێگەی گەیشتنیان بەو هاندەرانە تەنرابوو کە پاش ئەوەی وەرزێکی تەواو لە یاریگەدا لە پشتی تیپەکەبوون، ئەمجارە هاتنە سەر شەقام تاوەکو پێشوازیی لێبکەن.
 
پاسی تیپەکە لەژێر دروشمی دووانەی مێژووییدا بەرەو بای ئارێنای پێگەی تیپەکە بەڕێکەوت و خۆشحاڵبوون ئەو هاندەرانەی شانازیی ئەوەیان پێبڕا، دەست لە جامەکەی ئەڵمانیاوە بدەن.
 
لە دەروازەکانی یاریگەی یانەکەدا، هەزاران هاندەر کۆبوونەوە و چابی ئەلۆنسۆ سڵاوی خۆشەویستی و بەردەوامبوونی بۆ هەمووان نارد.
 
ئاهەنگگێڕان بەردەوامبوو.. راهێنەری تیپەکە و سەرکردەکانی، هەردوو جامەکەیان بردە نێو یاریگەوە.. ئاهەنگە راستەقینەکەی هاندەرانی دەستیپێکرد..
 
ژمارەی هاندەرە دڵخۆشەکانی نێو بای ئارێنا لە پێشبینیدا نەبوو، ئەوان رێگەیاندرا بۆ ئەو ئاهەنگە چەند کاژێرییە، بێنە سەر چیمەنی یاریگەکە و بەشداربن لە دڵخۆشییە ناوازەکەدا.... هاندەران لە هەموو لایەکەوە چەپڵەرێزانی یاریزانانیان کرد و بەچەپڵەش لەلایەن یاریزانەکانەوە وەڵامدرانەوە.
 
ئاهەنگگێڕان تاوەکو کۆتاییەکانی رۆژەکە، باڵی بەسەر یاریگەی یانەکە و کۆی شارە بچووکەکەی لیڤەرکوزندا گێڕا و وەرزە ناوازەکەش بۆ یانەکە کۆتاییهات، ئێستا ئیدی کاتی پشووە بۆ هەمووان، بەرلەوەی لەگەڵ وەرزی نوێی داهاتوودا تێهەڵبچنەوە.