یاریزانێکی بارسێلۆنا دەچێتە ریزەکانی هیلالی سعودی

رووداو - هەولێر

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکرد، یانەی هیلالی سعودی چاوی بڕیوەتە تواناکانی یاریزانێکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و دەیەوێت لەم هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ بکات.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئەنجوومەنی کارگێڕی یانەی هیلال، بە سەرۆکایەتی فەهەد بن نافل، پەیوەندی بە ئاردا تورانی یاریزانی تورکیی یانەی بارسێلۆناوە کردووە بۆ ئەوەی یاری بۆ یانەکەیان بکات.

ئاردا توران هێشتا یاریزانی بارسێلۆنایە، کە لە ساڵی 2011 لە گالاتاسەرای تورکییەوە چووە ریزەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و دوای 4 ساڵ چووە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، بەڵام ماوەی 6 مانگ نەیتوانی یاری بۆ بارسا بکات، تەنیا مەشقی لەگەڵ تیپەکە دەکرد، بەو پێیەی ئەوکات یانە کەتەلۆنییەکە سزا درابوو، بۆی نەبوو گرێبەست بکات، بەڵام دواتریش توران نەیتوانی ئاستێکی باش لەگەڵ بارسا پێشکەش بکات و لە زستانی 2018 بەشێوەی خواستن چووە ریزەکانی یانەی باشاکشەهیری تورکی، ئێستاش گەڕاوەتەوە بارسێلۆنا.

رۆژنامەکانی سعودیە و تورکیا، باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی یانەی هیلال کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی توران لەگەڵ بارسێلۆنا لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بە خۆڕایی ببەنە ریزەکانی یانەکەیان، چونکە بارسا ئەو یاریزانەی ناوێتەوە.

تاوەکو ئێستا کاتی کرانەوەی ماوەی مێرکاتۆی هاوینە دیارینەکراوە، بەهۆی وەستانی چالاکییە وەرزشییەکان لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت یاریزانە تورکەکەی یانەی بارسێلۆنا بە داواکاری یانەی هیلال رازی بێت، کە چەندین ئەستێرەی جیهانی لە ریزەکانیدا هەن.