سەڵاح و کڵۆپ دەبێتە دەمەقاڵێیان

رووداو دیجیتاڵ

کێشە و دەمەقاڵێ دەکەوێتە نێوان یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و محەممەد سەڵاحی هێرشبەری یانەکەوە.  

لە میانی یارییەکانی گەڕی 35ـی پرێمەرلیگ، یانەکانی وێستهام و لیڤەرپوول رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک کۆتایی هات. بەم یەکسانبوونە، هیوای رکابەریکردنی لیڤەرپوول لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە کەمتربووەوە، ئێستا یانەکە بە کۆکردنەوەی 75 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەی گرتووە و خاڵێک لە دوای مانچێستەر سیتی و دوو خاڵ لە دوای ئارسیناڵەوە دێت، بەڵام رێدز دوو یاریی زیاتری لە سیتیزنس و یارییەک زیاتری لە گەنەرز ئەنجامداوە. 

لە گێمی دووەمی یارییەکەدا کێشەکانی لیڤەرپوول قوڵتردەبنەوە، محەممەد سەڵاح خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی وەک یەدەگ بێتە ناوەوە، بەڵام لەسەر هێڵی یاریگە لەگەڵ یۆرگن کڵۆپی راهێنەری دەبێتە دەمەقاڵێیان. دوای ئەو رووداوە، داروین نونێزی هێرشبەری یانەکە ناوبژی دەکات و داوا لە سەڵاح دەکات هێور ببێتەوە. 

لە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، سەڵاح رەتی کردەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان بداتەوە و گوتی: ئەگەر ئەمڕۆ قسەبکەم، ئەوا ئاگر هەڵدەگیرسێت."

ئەمە کاتێکدایە کە دوای یارییەکە کڵۆپ لەبارەی رووداوەکەوە گوتی "ئێمە لە ژووری جلگۆڕین گفتوگۆمان کرد و کێشەکە کۆتایی هات."