رووداو - هەولێر
ماسولکەکانی گەرم دەکات بۆ دواین ململانێ لەسەر ستەیجی پاڵەوانێتی لەشجوانی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەمە سەمیان رەمەزانی لەشجوانی شاری دهۆکە.
سەمیان رەمەزان، لەشجوانی بەشدار لە پاڵەوانێتییەکەدا دەڵێت، ئامادەکارییەکی زۆرباشیان کردبوو، بۆ ئەوەی لە رکابەرییەکەدا بە ئاستێکی بەرز و سەرکەوتنەوە دەربکەون.
یەکەمینجارە لە مێژووی عێراق و هەرێمی کێبرکێیەکی لەشجوانی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، فیدراسیۆنی جیهانی سەرپەرشتی کرد و ماوەی دوو رۆژ بەردەوامبوو.
بورهان جومعە، سەرۆکی یەکێتی لەشجوانی کوردستان، بە رووداوی گوت لە هەموو جیهان پاڵەوانێتییەکی لەمشێوەیە نەکراوە، هەروەها سوپاسی نزار غەزالیشی کرد، کە توانیی ئەو پاڵەوانێتییە بهێنێتە کوردستان.
ململانێیەکی بەهێز لە نێوان سەدوبیست لەشجوان بیندرا، لەسەر ئاستی ماستەر حەیدەر جوامێری پاڵەوانەکەی گەرمیان نازناوی پاڵەوانی پاڵەوانانی بردەوە، ئازاد شنگالیش پاڵەوانی پاڵەوانانی ئاستی بەدی بۆڵدینگی وەرگرت.
ئازاد شنگالی پاڵەوانی لەشجوانی هەولێر، لەبارەی بردنەوەی دەستکەوتە گەورەکە بە رووداوی گوت، دوو رکابەری بەشدارییکرد، لەیەکێکیاندا میدالیای زێڕ و لە یەکێکیشیاندا میدالیای زیوی بردەوە و هەروەها بەخاوەنی جوانترین لەشیش لە پاڵەوانێتییەکەدا دەستنیشانکرا.
لەشجوانی سلێمانیش بەشێکی نازناوەکەیان وەرگرت دوای ئەوەی ئومێد ساڵح شمشێری پاڵەوانی ئاستی بەدی کلاسیکی پێشکەش کرا، جەمیل عەبدولئیلاش بەهۆی سەرنج راکێشی ماسولکەکانی پاڵەوانی پاڵەوانانی فیزیک بوو.
جەمیل عەبدولئیلا، پاڵەوانی لەشجوانی، بێگومان هەستێکە کە دەرنابڕدرێ سوپاس بۆ خوا پلەی یەکەمم بەدەست هێنا لە ماستەر ، پلەی دووەمیش لە فیزیک لەگەڵ پاڵەوانی پاڵەوانانی فیزیک ئەمڕۆ بە رۆژێکی جوان و زۆر گرینگ دەزانم لە ژیانم.
نمایشی هێلی تریڤینۆ پاڵەوانی جیهانی لەسەر ئاستی ئافرەتان بە نمایشێکی لەش و لاری پاڵەوانێتیەکەی گەرمتر کرد، هاتنی شۆن رای پاڵەوانی مستەر ئۆڵۆمپیاش بۆ هەولێر هێندەی دیکە گەرموگوڕی بەخشیە قارەمانیەتیەکە.
لایەنێکی دیکەی ئەم پاڵەوانێتیە پێشانگای تەواوکەرە خۆراکیەکان و کەلوپەلی وەرزشی بوو، خاوەن کۆمپانیاکان سودیان لەم چالاکیە جیهانییە وەرگرت بۆ گەرمکردنی بازاریان.
محەمەد یاسین، خاوەن کۆمپانیای کەلوپەلی وەرزشی لەبارەی بەبازارکردن لەکاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە گوتی، بێگومان کاریگەری زۆریی هەیە لەبەرئەوەی پاڵەوانێتیەکی جیهانیە و رێکخراوەکەش جیهانییە، ئەو کۆمپانیایانەی کە پاڵپشتیانن ناسراون لە ناو جیهانی لەشجوانی و فیتنس، هەر بۆیە زۆر کاریگەری هەیە لەسەر بازرگانی و کارمان بەشێوەیەک هەموو براندە جیهانییەکان هاندەدات بێنە عێراق کار بکەن.
نزار غەزالی، پاڵەوانی لەشجوانی کورد و جیهان، رێکخەری پاڵەوانێتییەکە لەکاتی بەشدارییکردنی لە بۆڵتەنی هەواڵە وەرزشییەکانی کاژێر 10:30ـی رادیۆی رووداو گوتی، ئێمە چاوەڕێی ئەوە نەبووین بەمشێوەیە گەورەیە پێشوازی لە پاڵەوانێتییەکە بکرێت، پاڵەوانە بیانییەکان زۆر سەرسام بوون بە ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکی لەمشێوەیە لە کوردستان.
غەزالی زیاتر گوتی، بەناوی خۆم و رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە زۆر سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم، کە بەمشێوەیە جوانە رووماڵی پاڵەوانێتییەکەی کرد و توانیی دیمەنەکانی بە هەموو جیهان پێشانبدات، هەروەها گوتیشی رووداو نەبووایە ئەم پاڵەوانێتییە بەمشێوەیە دەنگدانەوەی نەدەبوو.
دوا وێستگەی پاڵەوانێتیەکەش ئاهەنگ و شایی پاڵەوانە جیهانییەکان و هەوادارانیان بوو لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ