ڤیدیۆ؛ ریکاردۆ یەکەمی یەکەم رۆژی رالی پۆرتوگال بوو

رووداو دیجیتاڵ

ریکاردۆ مۆرای شۆفێری پۆرتوگالی، لە یەکەم رۆژی رالی ئازۆری، کە لە پۆرتوگال بەڕێوەدەچێت، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
سەرەڕای ئەوەی کەشوهەوا لە یەکەم رۆژدا زۆر خراپ بوو، بەڵام ریکاردۆ مۆرا توانی بەسەر رکابەرانیدا سەربکەوێت و بەر لە هەمووان گەیشتە کۆتایی پێشبڕکێیەکە.
 
مۆرا و ئەنتۆنیۆ کۆستای یاریدەدەری بە ئۆتۆمبێلی سکۆدا فابیۆ رالی 2 ئیڤۆ بەشدارییان لە رالی پۆرتوگالدا کرد و هەر حەوت قۆناخی یەکەم رۆژی پاڵەوانێتییەکەیان بە کاژێرێک و 24 خولەک و 11 چرکە بڕی.
 
سیمۆن ڤاگنەری شۆفێری نەمسایی رکابەری سەرەکی ریکاردۆ مۆرای شۆفێری پۆرتوگالی بوو، کە زۆر هەوڵیدا لێیبباتەوە، بەڵام دواجار بە جیاوازی 8.4 چرکە پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
 
پلەی سێیەمیش بەر ئێڤرین لارێنای شۆفێری ئیسپانی کەوت، کە ئەمیان نەیتوانی رکابەرییەکی بەهێزی مۆرا و ڤاگنەر بکات.