لێدوانی فەرمی بایرن لەبارەی رۆشتنی دەیڤز بۆ ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بایرن میونشن لەبارەی ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەلفۆنسۆ دەیڤز،بەرگریکاری یانەکە دێتە دەنگ و پێدەچێت ئەمە دوایین وەرزی یاریکردنی ئەستێرە کەنەدییەکە بێت لەگەڵ ئەو یانەیە.
 
ماوەی چەند مانگێکە پەیوەندی نێوان دەیڤس و بایرن بووەتە جێگەی باس و خواسی میدیاکان، گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکەی ماوەی ساڵێکی ماوە و بەپێی هەواڵەکان دەیڤز ئامادە نییە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و دەیەوێت بایرن بەجێبهێڵێت، ناوی یاریزانەکەش بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە.
 
لە ئەگەری نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی، بایرن دوو بژاردەی لەبەردەستدا دەبێت، یان دەیڤز دەهێڵێتەوە و ساڵی داهاتوو یاریزانەکە بەخۆڕایی پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە دەکات، یانیش دەبێت یاریزانەکە بفرۆشێت و هەوڵ بدات زۆرترین بڕە پارەی لێبەدەستبهێنێت.
 
مارک ئێبێرل، بەڕێوبەری نوێی یانەی بایرن میونشن لەوبارەیەوە دەڵێت "بە دڵنیاییەوە هیچ یانەیەک نایەوێت یاریزانەکانی بەخۆڕایی لەدەستبدات، ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ بەڕێوبەری کارەکانیدا کردووە و بەردەوامیش دەبین، دەبێت بزانم بارودۆخەکە چۆنە." 
 
ئەم قسانەی ئێبێرل لە کاتێکدایە، کە بەپێی سەرچاوەکان ریال مەدرید زۆر بە دەیڤز سەرسامە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بگوازێتەوە ریزەکانی، ئەستێرە کەنەدییەکەش بڕیاری کۆتایی داوە و داهاتووی خۆی لە ریال مەدرید دەبینێتەوە، بەپێی هەواڵەکان یانە ئیسپانییەکە ئامادەیە گرێبەستی فەرمی پێشکێش بایرن بکات و یەکەمین دەستەوارەشی لە نێوان 35 بۆ 40 ملیۆن یۆرۆ دەبێت. 
 
دەیڤز لە ساڵی 2019 بەبڕی 14 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ڤانکوڤەرەوە پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کرد، لەماوەی یاریکردنی بۆ ئەو یانەیە توانیویەتی پێنج نازناوی بوندێسلیگا، چامپیۆنزلیگێک و چەند نازناوێکی دیکە بەدەستبهێنێت.