لە رووداوێکی دەگمەندا یارییەک بەهۆی هەڵەی ناوبژیوان دووبارە دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
یارییەکی خولی نایابی بەلجیکا دووبارە دەکرێتەوە بەهۆی ئەوەی ناوبژیوانانی یارییەکە بەشێوازێکی هەڵە یاساکانی تۆپی پێیان بەکارهێناوە. 
 
لە گەڕی 19ـی خولی نایابی بەلجیکا، یانەی ئەندەرلەخت میوانداری گێنک دەکات. لە خولەکی 23ـی یارییەکەدا، کاسپەر شمایکڵی گۆڵپارێزی ئەندەرلەخت لێدانێکی سزای برایان هێینانی یاریزانی یانەی میوان دەگەڕێنێتەوە. دوای گەڕانەوەی لێدانە سزاکە، تۆپ دەچێتە قاچی یرا سۆر، یاریزانی گێنک و گۆڵی یەکەمی یارییەکە تۆماردەکات. 
 
دوای ئەوەی سەیری گۆڵەکە کرایەوە، دەرکەوت کە پێش ئەوەی لێدانە سزاکە جێبەجێ بکرێت، سۆر (کە گۆڵەکەی تۆمارکرد) لە نێو هێڵی سزادا بووە، بەو هۆیەوە ڤار پێشنیازی کرد کە ناوبژیوانی یارییەکە ئەو گۆڵە رەتبکاتەوە و فاوڵ بۆ یانەی ئەندەرلەخت هەژماربکات، کە دواتر ناوبژیوان پێشنیازەکەی ڤاری قبوڵکرد.  
 
کێشەکە لەوەوە دەستپێدەکات کە لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە پێش ئەوەی لێدانە سزاکە جێبەجێبکرێت، جگە لە سۆر کە یاریزانی گێنکە، دوو یاریزانی ئەندەرلەختیش چوونەتە نێو هێڵی سزاوە، کە بەپێی یاساکانی تۆپی پێ لەو کاتەدا دەبێت لێدانە سزاکەی یانەی میوان دووبارە بکرێتەوە، بەڵام ناوبژیوانی یارییەکە فاوڵی بۆ ئەندەرلەخت هەژمارکردبوو. 

 

 
لە خولەکی 91ـی یارییەکە، یانەی گێنک گۆڵی دووەمی لێدەکرێت و بە ئەنجامی 2-1 یارییەکە دەدۆڕێنێت. 
 
دەستەی ناوبژیوانانی بەلجیکا رایانگەیاند کە ئەو رووداوە بەهۆی هەڵەی ڤارەوە بووە نەک هەڵە بەکارهێنانی یاساکانی تۆپی پێ، بۆیە رەتیان کردەوە یارییەکە دووبارە بکرێتەوە. 
 
یانەی گێنک لەلای ئەنجوومەنی تەمبێکردنی تۆپی پێ تانەیان لەو بڕیارەدا و پێیانوابوو کە ئەو هەڵەیە بەهۆی ئەوەوە روویداوە کە ناوبژیوانانی یارییەکە یاساکانیان بە شێوازێکی هەڵە بەکارهێناوە، ئەنجوومەنەکەش داواکەی یانە بەلجیکییەکەی قبوڵ کرد و بڕیاری دووبارەکردنەوەی یارییەکەی دا. 
 
یانەی ئەندەرلەخت لەم وەرزەی خولەکەدا خاوەنی 43 خاڵە و پلەی دووەمی ریزبەندییەکەی گرتووە، گێنتیش پێنج خاڵ لە دوای ئەوەوەیە و لە پلەی سێیەم دێت.